ناسر هەركی، شارەزای بواری سەربازی و پەرلەمانتاری پێشوو لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر دۆخی ئێستەی سووریا و كاریگەری و مەترسییەكانی ئەو شەڕەی هەیە بۆ سەر عێراق، ئەو پێی وایە بەشداریكردنی هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان لە شەڕی سووریا كارێكی باش نەبوو، ئاماژەی كرد، عێراق هەر جووڵەیەك بە هێزە چەكدارەكانی بكات، مەترسیی گەورە لەسەر دۆخی تەناهیی ناوچەكە دروست دەكات.
*ئێستە شەڕێكی سەخت لە سووریا هەیە و دۆخەكە ئاڵۆزە، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم شەڕە چییە؟
شەڕی سووریا نوێ نییە و چەندین وڵات تیایدا بەشدارن و كاری خۆیان دەكەن، لە لایەك رووسیا و ئێران و لە لایەكی تر ئەمەریكا و توركیا، هەموویان هەوڵ دەدەن لەو شەڕەدا ئەجێندا و دەسەڵاتی خۆیان لە سووریا فراوان بكەن، كورد و عێراقیش لەو نێوەندە بوونیان هەیە و دەبێت زۆر وریا بن و بە هەموو توانایەك خۆیان لەو شەڕە بەدوور بگرن، بۆ ئەوەی پریشكی ئەو شەڕە بەوان نەگات.
*كوردی رۆژئاوا شەڕ بۆ حكوومەتی سووریا دەكەن، ئەمە شتێكی باشە یان مەترسییە؟
بەداخەوە ئەوان شەڕ بۆ حكوومەتی سووریا دەكەن، سووریا لە لایەك بەرژەوەندیی توركیا و لە لایەكی تر بەرژەوەندیی ئەمەریكا و ئیسرائیل تیادایە، ئەوانە هەموو پێكەوە بەستراون، بۆیە نەدەبوو لەوكاتەدا بڕیاری خێرا بدەن، چونكە مەترسییە و كاریگەریی خراپی دەبێت.
*لەبارەی عێراقەوە چی دەبێت؟، كاتێك سووریا و عێراق دراوسێن، ئاخۆ ئەمە مەترسی نییە بۆ عێراق؟
دەبێت عێراق پابەندی بڕیاری فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان بێت، ئەگەر ئەوە نەكەن مەترسیی گەورە لەسەر عێراق دروست دەبێت، ئەم میلیشیایانەی كە لە دەرەوەی یاسان و بەو ئەقڵیەتەی خۆیان كە هەیانە، عێراق پەلكێشی ناو شەڕێك دەكەن كە هیچ كەس قازانجی لێ ناكات و حەز بەوە ناكات، خەڵكی عێراق زەرەرمەند دەبێت، بارودۆخی ناوچەكەش بەرەو ئاراستەیەكی نادیار دەڕوات، ئەگەر پابەندی ئەوە نەبن، بۆیە پێویستە بە ئەقڵ بیر بكەنەوە نەك بە سۆز، شەڕی بەوەكالەت بۆ كەسی تر نەكەن و لە خزمەتی خەڵك و خاكی عێراق بن.
*محەمەد شیاع سوودانی و بەشار ئەسەد پێوەندیی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە، ئەمە كاریگەری لەسەر عێراق و جووڵاندنی هێز دەبێت؟
عێراق و سووریا پێوەندییان هەیە، بەشار ئەسەد و حەشدی شەعبی بەهۆی مامۆستاكانیانەوە پێوەندییان هەیە، هەردووكیان كار بۆ وڵاتێكی تر دەكەن، بەڵام بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان دەبێت سوودانی وەك سەرۆكی حكوومەت بزانێت چی دەكات، نەك وەك شیعەیەك و نەكەوێتە ژێر كاریگەریی سۆز، بیر لە بەرژەوەندیی گشتیی عێراق بكاتەوە و خۆی لە هەر هاوكارییەكی بەشار ئەسەد بەدوور بگرێت.
* عێراق و سووریا سنوورێكی فرەوانی هاوبەشیان هەیە، ئاخۆ عێراق توانای پاراستنی ئەو سنوورانەی هەیە؟
ئەوەندەی زانیاریم هەبێت ئەو سنوورانە پاسەوانی سنوور و سوپای عێراقی لێیە و كۆنترۆڵ كراوە، ئەگەر ئەوان كۆنترۆڵی نەكەن مەترسییە، چونكە ئەگەر بێت و ئەو گرووپ و هێزە توندڕەوانە بێنە ناو خاكی عێراق دەبنە مەترسییەكی گەورە، كاتێك لە سنووری ئەنبار و چەند ناوچەیەكی تر بۆشایی هەیە و ئەگەر ئەوە رووبدات و دزە بكەنە ناو خاكی عێراق، دۆخێكی خراپی ناسەقامگیر دێتە ئاراوە، بۆیە ئەركی قورسی سوودانی ئەوەیە وەك سەرۆكی حكوومەت بڕیار بدات نەك تەنیا پێكهاتەیەكی عێراق.
*ئەگەر ئێران دەستوەردان لە عێراق بكات بۆ جووڵاندنی حەشدی شەعبی بۆ سنووری سووریا یان هاوكاریكردنی بەشار ئەسەد، ئەو هەنگاوە تا چەند مەترسی دەبێت؟
بەدڵنیاییەوە مەترسیی دەبێت، چونكە ئەو گرووپە چەكدارانە لە روانگەی بیركردنەوەی ئەمەریكا قبووڵكراو نین، ئەگەر حەشدی شەعبی بە بڕیاری ئێران بچێتە ناو شەڕەكەوە، حیسابی لبنان و سووریا بۆ عێراق دەكرێت.
*كوردی رۆژئاوا چووەتە هەندێك ناوچەی سووریا، ئاخۆ بەشداریكردنیان لە شەڕ بڕیارێكی خێرا و مەترسیدار نییە، ئەگەر بیبەستینەوە بە هاوكاریكردنی ئەمەریكا؟
دەبوو كوردی رۆژئاوا خۆی بە دوور بگرێت، ئەوان وا بیردەكەنەوە ئەو گرووپانە بە پاڵپشتی توركیا ئەو كارە دەكەن، ئەو بیركردنەوەش كارێكی هەڵەیە، گوتیان دەستمان بەسەر فرۆِكەخانەی حەلەب گرتووە، راست نەبوو، بینیمان گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریا لەناو فڕۆكەخانەی حەڵەب بوون، بۆیە بیركردنەوەی كورد و نوێنەرایەتیكردنی حكوومەتی بەشار ئەسەد لە بەرژەوەندیی كوردی رۆژئاوا نییە، نابێت لەم كاتەدا پاڵپشتیی ئەمەریكا لەدەست بدەن، دەبوو خۆیان بەدوور بگرن، چونكە ئەگەر چاویان لە پاڵپشتیی سووریا بێت، رەنگە تێكەڵبوونیان لەگەڵ بەشار ئەسەد لە زەرەریان بێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی