فرانك هۆگربیتس، زانای هۆڵەندی واز ناهێنێت و جارێكی تر بە پشتبەستن بە ئەندازە و رێكخستن و جووڵانەوەی هەسارەكان، پێشبینی دەكات سبەی بوومەلەرزەیەكی بەهێز و وێرانكەر لە ناوچەیەكی دنیا رووبدات، بێ ئەوەی شوێنەكە دیاری بكات.
ئەو
زانایە هۆڵەندییە لە نوێترین پێشبینییەكانی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسی ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز دەكات، بێ ئەوەی شوێنەكە یان دەوڵەتێكی دنیا دیاری بكات كە تیایدا روودەدات، روونی دەكاتەوە و دەڵێت، چاودێری بكە.. رەنگە بەهۆی لێكنزیكبوونەوەی نێوان ئەندازەی شلۆقی مانگ لە 1 و 2ی ئەم مانگە، ببێتە هۆی روودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە 3ی ئەم مانگە، واتە سبەی.
روونی كردەوە، ئێستە هەسارەی زەوی كەوتووەتە سەر خاڵی بەیەكگەیشتنی ژمارەیەك هەسارەی تر، ئەوانیش موشتەری و زوهرە و مەریخ و عەتاردن، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لێكنزیكبوونەوە و تێكهەڵكێشیی هەندێك هەسارە روویان داوە، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە دەوڵەتێكی دنیا، بۆیە پێویستە خەڵكەكە لە روودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز وریا بێت و خۆیان ئامادە بكەن.
شایەنی باسە ئەو زانا هۆڵەندییە لە دوای بوومەلەرزەكەی توركیا ناوی دەركرد، كەپێشبینیی بوومەلەرزەكەی كردبوو و رووی دا، لەو ساتەوە پێشبینی دەكات و هەندێكجار پێشبینییەكانی راست دەردەچن، ئەگەرچی زانایان ئاماژە دەكەن كە پێشبینیكردنی بوومەلەرزە زەحمەتە، بەڵام زانا هۆڵەندییەكە لە پێشبینییەكانی پشت بە جووڵانەوە و لێكنزیكبوونەوەی هەسارەكان و كاریگەریی ئەوانە لەسەر جووڵانەوەی بلێت و چینەكانی پێكهێنەری زەوی دەبەستێت.