ئاگرین عەبدوڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر كار و پڕۆژەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم لە بواری رێگەوباندا، باس لەوە دەكات كە ئەمساڵ بە سەتان پڕۆژەی رێگەوبان و قیر ئەنجام دراوە و زۆربەی ئەو پڕۆژانەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوونە.
*گرنگیی كەرتی رێگەوبان چییە و بۆچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوام گرنگی لەپێشینە بە ئەنجامدانی پڕۆژەكانی ئەو بوارە دەدات؟
ئامانجی حكوومەت لە گرنگیدان بە رێگەوبان بۆ ئەوەیە رێگەكانی هەرێمی كوردستان باشتر بكرێن و بە بەردەوام رێگەی نوێ دروست بكرێن و رێگەی قیر بۆ گوند و ناوچەكان بكرێت كە پێشتر بۆیان نەكراوە، ئەوەش بە ئامانجی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتكردنی هاووڵاتییان، لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆرترین گرنگی بە رێگەوبان دراوە و بە سەتان ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە و سەتان پڕۆژەش لە بواری رێگەوبان كراوە، ئەمە جگە لە پڕۆژە گەورەكان، كە لە ناوچەكان چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی هەن.
*لە ماوەی كاری كابینەی نۆدا زیاترین پڕۆژەی رێگەوبان كراوە، بەتایبەتی بۆ ئەمسال، ئامارەكان باسی چی دەكەن؟
بەڵێ ئەمساڵ سەرو 100 پڕۆژەی رێگەوبان لە هەموو ناوچەكان كراوە كە خەرجییەكانیان لەسەر سێ جۆر بودجە بوون، بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی ئاسایی و بودجەی وێستگەكانی كێش، چەندین پڕۆژە كاركردن تیایان بەردەوامە و بەشێك لەو پڕۆژانە دروستكردنی رێگەیە بۆ گوندەكان، بودجەی ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ زیاتر لە 30 ملیار دینار بووە، زۆرترینی ئەو پڕۆژانە لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بوون.
*لەو پڕۆژانەی كە ئەنجام دراون تا چەند جیاوازی لە نێوان ناوچەكان كراوە؟
بەهیچ شێوەیەك جیاوازی لە نێوان ناوچەكان نەكراوە و گرنگی بە هەموو ناوچەكان و پارێزگاكان دراوە، قسەكە لەسەر ئەوەیە جیاوازی لە نێوان سلێمانی لەگەڵ ناوچەكان تر كرابێت، بەڵام هیچ جیاوازییەك نەكراوە و بگرە لە سلێمانی پڕۆژەی زیاتریش كراون.
*ژمارەی ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ لەسەر بودجەی وەبەرهێنان ئەنجام دراون چەندن؟
سێ پڕۆژەی رێگەوبان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان لە سنووری ئیدارەی سۆران و راپەڕین دروست كراون، دوو پڕۆژەیان لە ئیدارەی سۆران و پڕۆژەیەكیان لە ئیدارەی راپەڕین بووە، بودجەی سێ پڕۆژەكە بەیەكەوە زیاتر لە 18 ملیار دینار بووە.
*سەبارەت بەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی ئاسایی ئەنجام دراون، ژمارە و تێچووەكانیان چەندە؟
ئەمساڵ لەسەر بودجەی ئاسایی 100 پڕۆژەی رێگەوبان لە ناوچە و پارێزگا و یەكە ئیدارییەكان ئەنجام دراون، لە پارێزگای هەولێر 18 پڕۆژە، لە ئیدارەی سۆران 12 پڕۆژە، 48 پڕۆژەش لە پارێزگای سلێمانی، لە ئیدارەی راپەڕین حەوت پڕۆژە، لە ئیدارەی گەرمیان هەشت پڕۆژە، پێنج پڕۆژەش لە پارێزگای دهۆك، یەك پڕۆژە لە زاخۆ و یەك پرۆژەش لە هەڵەبجە، كۆی گشتیی بودجەی ئەو پڕۆژانەش نزیكەی 10 ملیار دینار بووە.
*سەبارەت بە داهاتی وێستگەكانی كێش، هیچ پڕۆژەیەك ئەنجام دراوە؟
ئێمە بودجەیەكمان هەیە لەسەر داهاتی وێستگەكانی كێش لە ناوچەكان، 30%ی داهاتی وێستگەكانی كێش بۆ پڕۆژەكانی رێگەوبان بەكار دەهێنرێت، لە ماوەی ئەمساڵ 40 پڕۆژە لە ناوچەكان لەسەر بودجەی وێستگەكانی كێش ئەنجام دراون، لە هەولێر 20 پڕۆژە، لە ئیدارەی سۆران 12 پڕۆژە، لە پارێزگای سلێمانی حەوت پڕۆژە، پارێزگای دهۆك یەك پڕۆژە، بڕی ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەكان بووە نزیكەی چوار ملیار دینار بووە.
*لە ماوەی كاری كابینەی نۆدا پڕۆژەكان لە پارێزگای سلێمانی چۆن دابەش كراون؟
لە سلێمانی 14 پڕۆژە جێبەجێ كراون و تەواوبوون و بودجەیان زیاتر لە 95 ملیار دینار بووە، درێژیی رێگەوبانەكان 288 كیلۆمەتر بووە، لە هەڵەبجە 10 پڕۆژە هەبووە كە بە بودجەی نزیكەی ملیار و نیوێك دینار و درێژیی رێگەكان نزیكەی 82 كیلۆمەتر بووە، لە ئیدارەی راپەڕین دوو پڕۆژە بە بودجەی زیاتر لە 25 ملیار دینار كە درێژیی رێگەكە نۆ كیلۆمەتر بووە، لە ئیدارەی گەرمیان دوو پڕۆژە بە بودجەی زیاتر لە 12 ملیار دینار جێبەجێ كراوە كە درێژیی رێگەكە زیاتر لە یەك كیلۆمەتر بووە، ئەمانە هەمووی لەو ماوەیەدا تەواو بوون.
*لە بارەی رێگەی جووتسایدی هەولێر- كۆیە، ئەو پڕۆژە چی بۆ كراوە؟
ئێستە لە پرۆسەی رێكخستنی تەكنیكی و گرێبەستداین، بودجەكەشی دیاری نەكراوە، لە دوای گرێبەستەكە، بودجەكەی ئاشكرا دەكرێت و قۆناغەكانی تر دەستیان پێ دەكرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی