رەنگە كەسانێكی زۆر بەدەست خاویی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتەوە بناڵێنن، بەڵام توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە ئینتەرنێتی زۆر خێرا، مرۆڤ تەمبەڵ و خامۆش و كەمجووڵە دەكات، بەوەش ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی زیاتر دەكات، كە دەرگە بە رووی نەخۆشییەكان دەخاتە سەر پشت.
توێژەران لە زانكۆكانی موناش و ملبۆڕن و پەیمانگەی ملبۆڕنی شاهانە بۆ تەكنۆلۆجیا، گەیشتنە ئەنجامی بوونی پێوەندی لە نێوان حزمەتگوزاری خێرای ئینتەرنێت و زیادبوونی تێكڕای قەڵەویی مرۆڤ، ئەوەش بەهۆی گۆڕینی چالاكیی لەش و ئاكاری خواردنەوە، د. كلاوس ئاكرمان، توێژەر لە زانكۆی موناش دەڵێت، گەیشتن بە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی زۆر خێرا، وا دەكات ئەو كەسە كەمترین جووڵە و چالاكیی لەشی هەبێت، بۆیە ئەوان خامۆش و تەمبەڵتر دەبن.
لە ئوسترالیا ئینتەرنێتی خێرا بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی قەڵەوەكان لەو وڵاتە، ئەوەش بەهۆی كارتێكردنی چالاكیی لەش و ئاكاری خواردنیان، ئاكرمان دەڵێت، ئەوە وا دەكات كەسەكان بۆ چەندان سەعاتی زیاتر لەسەر ئینتەرنێت بن، بەوەش تێكڕای میتابۆلیسمیان كەم دەبێتەوە و قەڵەو دەبن، بەتایبەتی داواكردنی ژەمی سووك و فاست فوود بەدیار ئینتەرنێت و كۆمپیۆتەرەوە، وا دەكات كالۆری زیاتر وەربگرن و قەڵەو ببن.
ئەو توێژەرە ئاماژە دەكات كە هەر ئەوە وا دەكات بەئاسانی دەستیان بە كاڵا و خزمەتگوزارییە جیاوازەكان بگات و و كەمتر جووڵە بكەن بۆ دەستكەوتنیان لە دەرەوەی ئینتەرنێت، تەنانەت هەر لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پێوەندی دەكەن و چاویان بە كەسوكاریان دەكەوێت، بێ ئەوەی سەردانیان بكەن، دیسان جووڵانەوەیان كەم دەبێت و ئەگەری قەڵەوبوونیان زیاتر دەبێت.