دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتی راگیراو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای چەند لایەن و فراکسیۆنێك خرایە سەر بەغدا، ئيتر کێشە بەرۆکی مووچەی فەرمانبەرانی گرت و ماوەی 16 مانگ زیاترە بەغدا هەموو مانگێک بە بیانووی جۆراوجۆری بێ بنەما مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوادەخات و ناینێرێت ئەگەرچی هەموو شتێک لە بارەی مووچەکراوە لە رێککەوتن و بودجەو دادگای فیدراڵیش.
چاودێران باس لەوە دەكەن كە بەغدا دەیەوێ هەرێم تووشی شكست و لاوازی بكات و هەموو گوشارێک لە هەرێم بکات لە پێناو ئەوەی حکوومەتی هەرێم رازی بکات و بڕیارەکانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت و دەسەڵاتەکانی نەمێنن و ئەو دەستکەوتانەی لە رابردوو بەدەستهاتبوون نەهێڵێ.
لەو بارەوە ناسر هەرکی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا هەمیشە نیازی باشی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان نەبووە، لە هەموو کات و سەردەمێکدا بەغدا ویستویەتی و چەپۆکی لە کورد داوە، ئەوانە وا دروستبوون بۆ دژایەتی کورد و کوردستان ئەوان هەركات دەسەڵاتیان هەبووبێت، كاریان بۆ لاوازكردنی هەرێم و گوشاركردنە سەر هەرێمی كوردستان كردووە، دواتریش کاتێک بە دەسەڵات دەبن و کاریان دەگاتە لێژیی پەنا بۆ کورد دەهێنن.
هەروەها گوتی، ئەوانەی دەیانگوت بەغدا باشترە، ئەوە دوو مانگە بەهۆی بەغداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواکەوتووە و هەر نەشیناردووە، بۆیە ئەگەر داهات و ئابووری لە ژێر دەستی حکوومەتی هەرێم بوایە باشتر دەبوو، ئەوەتا دەبێ هەر بەو جۆرە چاومان لە دەستی بەغدا بێت، بەغدا چی بەرانبەر کورد نەکردووە لە دەسەڵاتەکانی رابردوو هەتا ئێستا، ئەم برسیکردنەش هەر وەک ئەوە وایە چونکە تاوانی مرۆییە و مووچەی خەڵک نادات و كاری لە بژێوی خەڵک كردووە.
لای خۆشییەوە عومەر ئەحمەد، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی گوت، خەڵكی عێراق خواستیان نییە پێكەوەژیان لە نێوان كورد و عەرەبدا هەبێت، ئەوەش روونە كە ئەوەی لە عێراق دەسەڵاتی هەیە كۆمەڵێكن، نایانەوێ کورد دەسەڵاتی هەبێت، دەیانەوێ لەژێر دەسەڵاتی خۆیانبن، ئەوان هیچ بە رەوا نابینن بۆ کورد، بۆیە ئەگەر پێشتر لە عێراق هاووڵاتییانی كوردستان بە پلە دوو سەیر كرابان، ئێستە بە پلە چواریش سەیر ناكرێن، ئەمە دیدی دەسەڵاتی عێراقە بۆ هەرێمی كوردستان.
هەروەها گوتی، ئەوانەی چەپڵەیان بۆ عێراق و دەسەڵاتی عێراق لێ دەدا، نە لە مێژوو شارەزان نە لە سیاسەت، چونكە ئەگەر وڵات بە دەست خۆمانەوە بووایە، داهات لە دەستی حكوومەت بوایە زۆر لە عێراق و بەغدا باشتر بوو، چونكە هەرچەندە ناڕەزایەتی لە شێوازی خەرجكردن هەبێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت خاوەنی خۆمان بین باشترە لەوەی لە دەستی بەغدا بین، لایەنەکان پێویستە لە پێناو هاووڵاتیی یەکتری قەبوڵ بکەن و کار بکەن و بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن.
هیوا رەشید، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، راستییەكەی بەغدا هەوڵی شكستهێنان بە قەوارەی هەرێم دەدات، رووخساری سیاسیی نوێی عێراقی لە دوای هەڵبژاردنی 2021 رووخسارێكی پڕ لە قینە و چاوپێهەڵنەهاتن بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانە، رووخسارێكە لە ژێر هێرشی میدیایی شەقامی ناڕەزایی عێراقیدا پەنا بۆ سزادانی هەرێم دەبات، سەرەڕای هەموو رێكارە یاساییەكانی هەرێم بەرانبەر بە حكوومەتی بەغدا، بەڵام بەردەوام بیانوی یاسایی و تەكنیكی لە ڕاپۆرتەكانی لیژنەی باڵای هەرێم دەدۆزنەوە، ئەوەش لە پێناو نەدانی شایستە داراییەكان و شكستهێنان بە دەستەڵاتی حكومڕانی هەرێم تا ناڕەزایی هاووڵاتییانی كوردستان زیاد بكات و لەمیدیادا بیكەنە چەكی هەڵبژاردن.
هەروەها گوتی، روویەكی تری ئەم رووخسارە بریتییە لە شەڕی وەكالەتی وڵاتانی دراوسێ بەرانبەر بە هەرێم دەیكەن، لە كاتێكدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لەعێراق، هەرێمی كوردستان بنكەی دیپلۆماسی وڵاتانی زلهێزی لەخۆ گرتووە و بە ناوچەیەكی ئارامی لە قەڵەم دەدەن، لەبەر ئەو ئارامی و ئاسایش و سەقامگیرییەی تیایدا بەرقەرارە، بەڵام بە ئاسانی ناتوانن مەرامە هەواڵگری و سیاسی و تەناهییەكانیان وەك خۆی جێبەجێ بكەن، بۆیە بە پەرلەمانتار و وەزیر و كاربەدەستانی حكوومەتی عێراقی ئەو شەڕە دەكەن لە پێناو لاوازكردنی هەرێم، ئەمەش یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی دواخستنی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
وشە/ سلێمانی - تایبەت