لە رێگەی ئینتەرنێت و لە زیادكردنێكدا، نامەیەكی دەستنووسی موزیكوانی نەمسایی "مۆزارت"، بە 440 هەزار یۆرۆ هاتە فرۆشتن. مۆزارت ئەو نامەیەی لە هەشت لاپەڕەدا بە دەستی خۆی نووسیویەتی.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ شەموو حەوتی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، نامەیەكی موزیكوانی نەمسایی فۆڵفجانج ئەمادیۆس مۆزارت كە بۆ ساڵی 1783 دەگەڕێتەوە، لە رێگەی ئینتەرنێت و زیادكردنێكدا، بە 440 هەزار یۆرۆ هاتە فرۆشتن كە دەكاتە "464 و 200 دۆلاری ئەمەریكی".
ئاماژە دراوە كە خانەی زیادكردنی جیهانی "ئۆتۆگراف ئۆكشنز ئەوروپا" كە بارەگاكەی دەكەوێتە باشووری ئیسپانیا، دوێنێ ئەو نامەیەی مۆزارتی بە 440 هەزار یۆرۆ فرۆشتووە كە بۆ نووسەری فڕەنسی لەدایكبووی ئەڵمانیا جان جۆرج سیبەری نووسیوە، نامەكە هەشت لاپەڕەیە كە تێدا چوارینەكانی "هایدن" لەخۆ دەگرێت.
ئاماژە دراوە كە پێشتر نامەكە لە ئەرشیڤی مۆزارت لەلای خێزانەكەی دۆزراوەتەوە، لە سەرەتادا نامەكە لەو خانەیە بە 80 تا 100 هەزار یۆرۆ نمایش كرابوو، دواتر هەوادارانی مۆزارت لە ئەمەریكا و ئاسیا، نرخەكەیان بەرز كردەوە تا گەیشتە نرخی فرۆشراو.
مۆزارت لە ساڵی 1756 لە نەمسا لە دایك بووە و لە تەمەنی 35 ساڵی بە گەنجی كۆچی دوایی كردووە، لە ئاوازدانان و دادانی موزیك و نووسینەوەی، لە دنیادا بە "پەرجوو- موعجیزە" ناو دەبرێ كە لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە پارچە موزیكی داناوە. لە ماوەی ژیانیدا كە زۆر كورت بووە، 626 كاری موزیكیی داناوە و لە تەمەنی حەوت ساڵیدا ئۆركێسترای بەڕێوە بردووە.