مەزلووم عەبدی داوای پاراستنی ئاسایش و ئارامیی دێر زوور دەكات

:: PM:08:48:07/12/2024 ‌

رووداو و پەرەسەندنەكانی سووریا زۆر خێران، لەوكاتەی گرووپە چەكدارەكان خەریكە لە دیمەشقی پایەتەختی سووریا نزیك دەبنەوە، هێزەكانی سووریای دیموكرات خەركی توندكرنی ئاسایشی ناوچەكانیانن و پێشڕەوییان بەرەو دێر زوور كرد، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەبارەت بە دێر زوور، لێبوردنی گشتیی راگەیاند و داوای لە خەڵك و هۆزی ناوچەكە كرد بۆ رێگرتن لە پشێوی هاریكار بن.

ئەمڕۆ مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە پۆستێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، لەگەڵ پێشڕەویی هێزەكانمان لە دێر زوور بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ناوچەكە، لە ناو گۆڕانكارییە مەیدانییەكان لە سووریا، لێبوردنێكی گشتیی بێ جیاوازی لەو ناوچانە رادەگەیەنین.

ئاماژەی كرد، هاوكات بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتی داوای هاوكاری لە هەمووان دەكەین، ئێمە پشت بە رۆڵی خەڵك و هۆزەكان دەبەستین بۆ رێگرتن لە دروستبوونی پشێوی و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە، دووپاتی كردەوە، هێزەكانمان پاڵپشتی ئێوەن. 

شایەنی باسە ماوەی 11 رۆژە دۆخی سووریا گۆڕانكاری و پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینی، كاتێك گرووپە چەكدارەكان لە باكوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە هێرشێكی فرەوانیان بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا دەست پێ كرد و لەو ماوە كەمەدا توانیان بگەنە نزیك دیمەشقی پایەتەخت و هەڕەشەی رژد بۆ رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد دروست بكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل