بەپێی ئاژانسی " Associated Press" تایلۆر سویفت ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی لە دەرەوەی دنیای گۆرانیگوتن تۆمار كردووە، كتێبەكەی " Eras Tour" لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا لە دوای بڵاوبوونەوەی، زیاتر لە 814 هەزار دانەی لێ فرۆشراوە.
كتێبەكە زیاتر لە 500 وێنە و چیرۆكی گەشتە جیهانییە 20 مانگەكەی لە پێنج كیشوەرەكەدا لەخۆ دەگرێت، بووە پڕفرۆشترین كتێبی هەفتە و گەورەترین سەركەوتنی لە ساڵی 2024 تۆمار كردووە.
كتێبەكەی تایلۆر سویفت 256 لاپەڕەیە و بە نرخی 40 دۆلار دەفرۆشرێت، بەپێی هەواڵی ئاژانسەكە، لە پلەی دووەمدایە لە دوای كتێبەكەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا دێت، كتێبی " A Promised Land" كە لە هەفتەی یەكەمی بڵاوكردنەوەیدا 816 هەزار دانەی لێ فرۆشرا.
تایلۆر سویفتی تەمەن 34 ساڵ لەبارەی بڵاوبوونەوەی كتێبەكەی دەڵێت: ئەم كتێبەم پێداچوونەوەیەكە بە سەرسوڕهێنەرترین گەشتی ژیانم.
جێگەی باسە كتێبەكە هیچ شتێكی ئەوتۆی تێدا نییە جگە لە وێنە و كۆمەڵێك تێبینی كە لە كاتی گەشتەكەیدا نووسیونی، ئەو تێبینییانەش زۆرینەیان نووسیویەتی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوادارەكانی دەردەبڕێت كە بەشدارییان لە سەركەوتنەكانیدا كردووە.