زۆر كەس لە وەرزی سەرمادا هەست بە ئازاری ئێسكەكانیان دەكەن، ئەو كەسانەی هەوكردنی جومگەكانیان هەیە، ئازارێكی زیاتریان هەیە، بۆچی زۆرجار ئازاری جومگەكان لە كاتی كەشوهەوای سارددا خراپتر دەبێت، چۆن رێگریی بكەین لەو حاڵەتە؟
تامسین جۆیس پزیشكی چارەسەری سروشتی و بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییە كلینیكییە یەكگرتووەكان لە نەخۆشخانەی نۆفیڵد هێڵس بۆرنمۆس لە بەریتانیا، بە رۆژنامەی (ئیندیپێندێنت)ـی راگەیاندووە، هەوكردنی جومگەكان حاڵەتێكی تێكچوونی جومگەكانە، رەقبوون و ئازاری جومگەكان كاریگەریی لەسەر تەندروستیی مرۆڤەكان دەبێت لە هەموو تەمەنێكدا، بەتایبەت لە تەمەنی 40 و 50 ساڵی.
دیارترین نیشانەكانی هەوكردنی جومگەكان بریتین لە ئازار، هەستكردن بە ڕەقبوونی جومگەكان، هەوكردن لە ناوەوە و دەوروبەری جومگەكان، جووڵەی سنووردار، گەرمبوون و سووربوونەوەی پێست لەسەر جومگە، هەروەها لاوازبوونی ماسولكەكان و بەفیڕۆدان.
هەوكردنی جومگەكان دەتوانێت لە كەشوهەوای سارد و شێداردا خراپتر بێت، بۆ هەندێك كەس دابەزینی پەستانی بەرگەهەوا دەبێتە هۆی كشانی ڕیشاڵی ماسولكەكان، ئەمەش فشارێكی زیاتر دەخاتە سەر جومگە، هەندێك كەس ئازاریان زیاتر دەبێت، كەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێن، دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولكەكان و زیادبوونی ڕەقبوونی جومگەكان.
لە كاتێكدا هیچ چارەسەرێكی یەكلاكەرەوە بۆ هەوكردنی جومگەكان نییە، بەڵام چەند چارەسەرێك هەن كە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە كەمكردنەوەی ئازار و هەوكردن و پاراستنی كاركردنی جومگەكان.
جۆیس دەڵێت: وەرزشكردن، شێوازی ژیانێكی تەندروست، رێگریكردن لە قەڵەوی، زۆر خورادنەوەی ئاو و مەلەكردن، دەتوانن هۆكارێكی باش بن بۆ كەمكردنەوەی ئازاری جومگەكان.
لە كەشوهەوای سارددا دەتوانی رێگریی بكەیت لە دروستبوونی ئازاری جومگەكان، ئەویش لە رێگەی مانەوە لە كەشی گەرمدا و رێگری لەوەی سەرما لێت بدات، جووڵەی بەردەوام، خواردنی ڤیتامین دی و خواردنی تەندروست.