ئەریوان سیوەیلی: نیو ملیۆن كەس سەردانی پێشانگەی كتێبیان لە سلێمانی كردووە

:: AM:09:26:10/12/2024 ‌
ئەگەرچی زۆرینەی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە دەڵێن،  لە پێشانگەی كتێب لە سلێمانی زیانمان كردووە و بازاڕمان زۆر خراپ بوو، بەڵام بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی دەڵێت، كتێبێكی زۆر فرۆشراون.

شەش ساڵە پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی دەكرێتەوە، ئەگەرچی زۆرینەی نووسەران و خوێنەران كە سەردانیان كردووە، لە فەیسبووك دەڵێن، هەمووی كتێبی كوردی بووە، رەخنەی ئەوەیشیان گرتووە كە هیچ مانای نییە پێشانگە بەناوی نێودەوڵەتی بكرێتەوە، دەیان سەرچاوەی بەزمانەكانی تر تێدا نەبێت.

بەڵام بەپێچەوانەی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە و نووسەران و خوێنەران، ئەریوان سیوەیلی بەڕێوەبەری راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" رای گەیاند، لە ماوەی 11 رۆژی شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كتێب، لەلایەن 200 ناوەندی ناوخۆی و نێودەوڵەتییەوە 40 هەزار ناونیشان و نۆ ملیۆن كتێب لە پێشانگەكەدا نمایش كران.

دووپاتی لەوە كردەوە كە سەرەڕای قەیرانی دارایی، ڕێژەی فرۆشتن و سەردانیكاران بەراورد بەساڵانی تر بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بوونەتەوە.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی ئاشكراشی كرد، لەم 11 رۆژەدا نزیكەی نیو ملیۆن كەس سەردانی پێشانگەكەیان كردووە.

رۆژی 28ی تشرینی دووەمی 2024 شەشەمین خولی پێشانگەی نێودەدەوڵەتیی سلێمانی بۆ كتێب، بەچاودێری سەرۆك كوماری عێراق و بە بەشداریی 200 دەزگا و ناوەندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كرایەوە و ماوەی 11 رۆژ بەردەوام بوو.



وشە - سۆران عەزیز