پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەڵێت، من خۆم نەفرۆشتووە و لە كاری پەرلەمانتاری بەردەوام دەبم، ئەوەش هەموو خەڵك دەزانن كە دەنگدەرانی كۆمەڵ لەگەڵ ئەوە بوون بچینە پەرلەمان.
ئەمڕۆ سێشەم 10ـی كانوونی یەكەم، هێرۆ عەتار پەرلەمانتاری كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، هۆكارەكانی بەشداریكردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا كرد و ڕای گەیاند، وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بەردەوامی بەكارەكانی دەدات.
زیاتر گوتی، من دەڵێم كورسییەكانی كۆمەڵ بۆ سێ كورسی كەم كراوەتەوە و كورسییەكانی دراوە بە حزبەكانی تر، هەروەها ئەوەش دەبێت بزانرێت كە دەنگدەرانی كۆمەڵ لەگەڵ ئەوە بوون بچنە پەرلەمان.
باسی لەوەش كرد، من نە خۆم فرۆشتووە و نە بۆ پارەش چوومەتە پەرلەمانی كوردستان، بۆیە وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لە پەرلەمان درێژە بە كارەكانم دەدەم، خزمەتی خەڵكی كوردستان دەكەم و داكۆكی لە مافەكانیان دەكەم.
ئەوە لە كاتێكدایە دووشەمی رابردوو پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی هەبوو، لە كۆبوونەوەكەدا هێرۆ عەتار بەشداریی دانیشتنەكەی كرد و كۆمەڵی دادگەریش بەیاننامەیەكی دەركرد و رای گەیاند، هێرۆ لە ڕیزەكانی دەركراوە.