فەرماندەیەكی باڵای ئەمەریكا سەردانی سووریا و عێراقی كرد

:: PM:10:47:10/12/2024 ‌

بەپێی بەیاننامەیەكی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا، ئەمڕۆ سێشەم جەنەراڵ مایكل ئیرك كۆریلا، فەرماندەی فەرماندەییەكە سەردانی عێراقی كردووە و چاوی بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە فەرماندە باڵا سەربازییەكانی عێراق كەوتووە.

بەپێی بەیاننامەكە، جەنەراڵ كۆریلا هەروەها لە سووریا چاوی بە ژمارەیەك ئەفسەری ئەمەریكا و بەرپرسانی هەسەدە كەوتووە، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی تەناهیی ناوچەكە و رێوشوێنەكان بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش و سوودبینینی لەو دۆخەی ئێستە هەیە كردووە، دووپاتی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە فەرماندەییەكە پابەندە بە سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر داعش.  

بەپێی بەیاننامەكە كۆریلا دوای سووریا، سەردانی بەغدای كردووە، چاوی بە سوودانی و سوپاسالاری عێراق و چەند فەرماندەیەكی تری سەربازی كەوتووە و باسی هاریكاریی دووقۆڵی و ئاسایشی ناوچەكە و دۆخی سووریایان كردووە، جیا لە بەردەوامیی هاوبەشیی نێوان هێزی هاوپەیمانان و عێراق.

لەو سەردانەدا فەرماندەی فەرماندەیی ئەمەریكا دووپاتی پابەندبوونی وڵاتەكەی بە سەركەوتن بەسەر داعش كردووەتەوە و رای گەیاند، پابەندین بە پاراستنی ئاسایشی هاوبەشەكانمان لە دراوسێكانی سووریا، لەوانە عێراق و ئوردن و لبنان و ئیسرائیل.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل