بە تۆمەتی فرۆشتنی كچە 14 ساڵانەكەیان بە پیاوێكی 22 ساڵی بە پێنج هەزار یۆرۆ (پێنج هەزار و 200 دۆلار) پۆلیسی ئیسپانیا دایكوباوكێكیان گرت و ڕووداوەكەش لە ڕۆژنامەكانی ئەو وڵاتە دەنگی دایەوە.
دوای ئەوەی كچەكە هەڵات و خۆی ڕادەستی پۆلیس كرد، پۆلیسی كادیز لە باشووری ڕۆژئاوای ئیسپانیا، دایك و باوكی و ئەو پیاوەی كچەكەیان بە پارە پێ فرۆشتووە گیران.
ڕووداوەكە لە سەرەتای ئەم مانگەوە بووە، بەڵام لە دوێنێوە میدیاكان پێیان زانیوە و هەواڵی لەسەر بڵاو دەكەنەوە.
كچەكە بە پۆلیسی گوتووە، لەلایەن ئەو كوڕەوە دەستدرێژیی سێكسی و جەستەیی و دەروونی خراوەتە سەر و لەناو مینی ڤانێكدا دانراوە و ناچاری كردووە قوتوو و فافۆن كۆ بكاتەوە تا بیفرۆشنەوە.
ئەو كچە جگە لەم ڕووداوە، باسی لەوەش كردووە كە پێشتریش تەمەنی هێشتا 12 ساڵ بووە، دایك و باوكی خستوویانەتە بەردەم پیاوێك تا دەستدرێژیی سێكسی بكاتە سەر و لە بەرانبەردا پارەیان وەرگرتووە.