لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا بەشار ئەسەد، ڕاستییەكی ترسناك لەبارەی ئەو تاوانانەی لە سەردەمی ئەسەددا كراون ئاشكرا بوون، گۆڕستانێكە كە خەڵك وایانزانیبوو گۆڕەپانی سەربازییە.
گۆڕی بە كۆمەڵ كە تەرمی سەتان كەسی تێدابوو لە ناوچە جیاكانی دیمەشق، ئەو گۆڕستانە لە دەشتی دیمەشق دۆزرایەوە و ئەو ناوچەیە وەك ناوچەیەكی سەربازی شارابووەوە، لە كاتێكدا بەڕاستی گۆڕستانێكی بە كۆمەڵ بوو بۆ ناشتنی ئەو كەسانەی لەلایەن دەزگا تەناهی و سەربازییەكانی ڕژیمەوە كوژراون.
دەیان تەرم لەلایەن ڕژێمی سووریاوە لە خاڵە سەربازییەكانی نزیكەوە لە گۆڕ نراون، هەندێكیان بە تاك و هەندێكی تریش بە كۆمەڵ.
شێخ ئەبو محەمەد بەرپرسی ناشتنەكان بە سكای نیوزی ڕاگەیاند، سەتان تەرم لە ماوەیەكی كەم بۆ ئەم گۆڕستانە دەهات، گۆڕستانەكەش شوێنی كەم بووەتەوە و بەدوای شوێنێكی باشتر دەگەڕێن، بۆ ئەم مەبەستەش خەڵكەكەمان بردە ناوچەیەكی نزیك پردی بەغدا.
ئەوەشی گوت، سەتان دۆنم بە دیوارێكی بەرزەوە پەرژین كراوە و لەلایەن خاڵە سەربازییەكان دەپارێزرین، لەوێ تەرمەكان نێژراون و تەرمەكان لەناو كفنێك دانراون و ژمارە و پیتیان لەسەرە، بە تەختەی چیمەنتۆ داپۆشراون.
شایەتحاڵێكیش بە زانیاریی زیاتر لەسەر گۆڕستانەكە بۆ سكای نیوز ڕای گەیاند، گۆڕەكە بە وریاییەوە پارێزراوە و بۆ ئەوەی خەڵك ڕاستیی لەبارەی ئەم گۆڕەوە نەزانن، هێشتا چەندان پاشماوەی سەربازی لە نزیكی گۆڕستانەكە هەیە و ئۆتۆمبێلی كۆنی سەربازیی لە شوێنەكە دەبینرێ، هەموو ئەوانەش بەكار هێنراون بۆ شاردنەوەی ڕاستی و چەواشەكردنی خەڵك لەبارەی سروشتی شوێنەكە.
ئەم دۆزینەوانە قەبارەی ئەو تاوانانە دەردەخەن كە ڕژێمی پێشوو دژ بە گەلەكەی خۆی ئەنجامی داوە، لە كاتێكدا ڕژێم هەوڵی دەدا ئەم تاوانانە بشارێتەوە بە دروستكردنی گۆڕی نهێنی بە كۆمەڵ ، شایەتحاڵەكان ئێستە دڕندەیی بێوێنە دەردەخەن.
ئەم گۆڕستانانە تەنیا شوێنی ناشتن نییە، بەڵكو تۆماری ئەو ئازار و نادادپەروەرییانە پێشان دەدات، لە سەردەمی ڕژێمی ئەسەددا كراون بەرانبەر خەڵك. دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد و دۆكیۆمێنتكردنی ئەو تاوانانە بكرێت بۆ ئەوەی بەرپرسیاران بدرێنە دادگا.