خواستی ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند و کەناڵی پەنەما ئەمجارەیان گاڵتە نییە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی هەڵبژێردراو داوای کردووە کە کۆنترۆڵی ئەمەریکا بەسەر کەناڵی پەنەما و گرینلانددا دووپات بکرێتەوە، ئەمەش دەری دەخات کە فەلسەفەی "ئەمەریکا پێش هەموو شت"ێ، ڕەهەندێکی فراوانخوازانەی هەیە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بە ڕوونی ڕای گەیاندووە کە دیزاینی هەیە بۆ فراوانکردنی خاکی ئەمەریکا، ڕای گەیاندووە کە ئەمەریکا هەم نیگەرانی ئەمنی و هەم بەرژەوەندیی بازرگانیی هەیە، کە بە باشترین شێوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت بەکۆنتڕۆڵکردنی کەناڵی پەنەما و گرینلاند لە لایەن ئەمەریکاوە یان خاوەندارێتیی ڕاستەوخۆ.
ترەمپ ڕۆژی یەکشەم، ڕوونی کردەوە کە پێشنیاری خولی یەکەمی بۆ کڕینی زەوییەکی فروان دەتوانێت لەم خولەدا ببێتە گرێبەستێک کە دانیمارکەکان ناتوانن ڕەتی بکەنەوە.
ترەمپ پێدەچێت تەماحی گرینلاند بکات هەم بەهۆی شوێنی ستراتیژییەکەی لە کاتێکدا کە توانەوەی سەهۆڵی جەمسەری باکوور خەریکە کێبڕکێی بازرگانی و دەریایی نوێ دەکاتەوە و هەم بۆ یەدەگی کانزاکانی ئەم زەوییە دەگمەنە کە پێویستە بۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
ترەمپ لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی "بۆ مەبەستی ئاسایشی نیشتمانی و ئازادی لە سەرانسەری جیهاندا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەست دەکات کە خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی گرینلاند پێویستییەکی ڕەهایە".
ئێوارەی شەموو، ترەمپ پەنەمای تۆمەتبار کردبوو بە گرانیی کرێی کەشتییە ئەمریکییەکان کە بە کەناڵەکەدا تێدەپەڕن، پێشنیاری کردبوو کە ئەگەر ئەوە نەگۆڕێت، واز لە پەیماننامەی سەردەمی جیمی کارتەر بهێنێت کە هەموو کۆنترۆڵی ناوچەی کەناڵەکەی گەڕاندەوە بۆ پەنەما.
ئەو نووسیویەتی: "ئەو پارەیەی کە لەلایەن پەنەما وەردەگیرێت گاڵتەجاڕانەن."
لە درێژەی قسەکانیدا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کەناڵەکە بکەوێتە "دەستی هەڵەوە"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ چین کە دووەم گەورەترین بەکارهێنەری کەناڵەکەیە.
سەیر نییە کە حکوومەتی گرینلاند دەستبەجێ داواکارییەکانی ترەمپی ڕەت کردەوە، وەک چۆن لە ساڵی 2019دا کردی، کاتێک بۆ یەکەم جار بیرۆکەکەی خستە ڕوو.
دوای ئەوەی ترەمپ جارێکی دیکە لە وتارێکیدا ڕۆژی یەکشەم کەناڵی پەنەمای هێنایە ئاراوە، خۆسێ ڕائول مولینۆ، سەرۆکی پەنەما لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ڕای گەیاند کە ''هەموو مەتر چوارگۆشەیەک لە کەناڵی پەنەما و ناوچەکانی تەنیشت خۆی، بەشێکە لە پەنەما و سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەمان و جێگەی مشتومڕ نییە''.
لە دۆخی گرینلاند و پەنەمادا، هەر دوو بەرژەوەندیی بازرگانی و ئاسایشی نیشتمانی لە یارییەکەدان. ترەمپ یەکەم سەرۆک نەبووە کە ئەم دۆسیەیەی خستەڕوو. هاری ئێس ترومان ویستی گرینلاند بکڕێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، وەک بەشێک لە ستراتیژی جەنگی سارد بەرانبەر هێزەکانی سۆڤییەت.
لە ساڵی 2009ەوە گرینلاند مافی ئەوەی هەبووە سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، بەڵام خاکە فراوانەکەی نزیکەی 56 هەزار کەسی تێدایە تا ئێستەیش بە شێوەیەکی زۆر وابەستەی دانیمارک بووە و هەرگیز ئەو ڕێگایەی هەڵنەبژاردووە سەربەخۆ بێت. گوتی بەرژەوەندیی ترەمپ دەتوانێت دەرفەتێک بە گرینلاند بدات بۆ وەبەرهێنانی زیاتری ئەمریکا، لە نێویاندا لە بواری گەشتیاری یان کانگاکردنی زەوییە دەگمەنەکاندا.
ترەمپ پرسیار دەکات و دەڵێت ''ئایا شێتانە بوو کاتێک ئەمەریکا ئەلاسکای بەدەستهێنا؟ ئایا شێتانە بوو کاتێک ئەمەریکا کەناڵی پەنەمای دروست کرد؟''
دیارە ئاواتەکانی پەکین لە جەمسەری باکوور گەشەی کردووە و لە ساڵی 2018دا پلانی بۆ دروستکردنی ژێرخان و پەرەپێدانی ڕێڕەوی کەشتیوانی داڕشتووە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کراوەتەوە. خاتوو گودمان ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ئەمریکا بەردەوام بێت لە ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی پێگەی چین لەسەر دەروازەی ئەمەریکای باکوور، بەڵام گوتی خەڵکی گرینلاند دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
دیارە ئەمەریکا دەیەوێت هەموو ئەو ناوچانە نزیک بن لە خاکی وشکانیی خۆیانەوە بۆ ئەوەی پارێزراو بن و ڕێگری بکەن لە نەیارێک کە بەکاری بهێنێت بۆ زیانگەیاندن بە ستراتیژی ئەمەریکا.
سەرچاوە: نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانی\ وشە