خەڵكێكێكی زۆر لە كاتی گەشت و سەیران، هەروەها لە چێشتخانە و هەندێك چایخانەكانیش، حەزبە برژاندنی گۆشت یان چێشتلێنان یان ئامادەكردنی چا لەسەر دار و خەڵووز دەكەن، لەوانەش ماسی، كە زۆر كەس حەز دەكەن بە برژاوی بیخۆن، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە بۆ بوونی پێوەندی لە نێوان بەكارهێنانی خەڵووزی خێرا گڕگرتوو و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە دەكات.
لە زۆرێك لە ماڵ و چێشتخانەكان خەڵووزی خێرا گڕگرتوو بۆ برژاندن و ئامادەكردنی چێشت و چا بەكار دەهێنرێت، توێژەران وریایی لەوبارەوە دەدەن، بە بوونی مادەی كیمیایی تێكەڵكراو لەگەڵ ئەو جۆرە خەڵووزە، كە دوای سووتان و هەڵمژینیان لە لایەن مرۆڤەوە تووشی حاڵەتی مەترسیداری دەكەن.
بەپێی
توێژینەوەكە ئەو جۆرە خەڵووزە چەند مادەیەكی كیمیایی وەك بەنزین و فۆرماڵدیهایدی تیادایە، كە مەترسیی گەورەی تەندروستیان هەیە، لەوانە كێشەكانی كۆئەندامی هەناسە و زیادبوونی ئەگەر و مەترسیی تووشبوون بە گرێ شێرپەنجەییەكان، چونكە لە كاتی سووتانیان، گازێكی ژەهراوی دروست دەكەن و لە رێگەی هەڵمژینەوە دەچنە ناو لەشی مرۆڤ.
بەپێی توێژینەوەكە برژاندنی گۆشت لەسەر خەڵووزی خێرا گڕگرتوو، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی گیراوەی زیانبەخش وەك هایدرۆكاربۆناتی فرەبازنەیی، كە ئەوەش كاتێك دروست دەبێت كە چەوری دووچاری گەرمییەكی زۆر و سووتانێكی ناتەواو دەبێتەوە، ئەو گیراوانەش پێوەندییان بە تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان و كۆئەندامی هەرسەوە هەیە.
د. فەریدە حوسنی داوای بەكارهێنانی خەڵووزی ئاسایی و چارەسەرنەكراو و تێكەڵنەكراو بە مادەی كیمیایی دەكات بۆ كەمكردنەوەی مەترسییە تەندروستییەكان، جیا لەوە مەقارە و ئاگردانی وا بەكار بێت كە هەوای پێویستی بۆ سووتان هەبێت و ئاگرەكە لە شوێنی كراوە بكرێتەوە، ناشبێت دووكەڵی ئاگرەكە راستەوخۆ بێتە هەڵمژین و خەڵووزی خێرا گڕگرتوو بەكار نەهێنرێت.