كتێبێكی داستان بەرزان "سەرهەڵگرتن مردوویەك ئەم كتێبە دەنووسێت" بڵاو دەكرێـتەوە

:: AM:09:04:30/12/2024 ‌
یاداشتە ڕۆمانی "سەرهەڵگرتن مردوویەك ئەم كتێبە دەنووسێت" نوێترین كتێبی شاعیر و نووسەر داستان بەرزانە كە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێی بڵاو بێتەوە.

لەبارەی كتێبە نوێیەكەی، داستان بەرزان بۆ "وشە" گوتی: یاداشتە ڕۆمانی "سەرهەڵگرتن مردوویەك ئەم كتێبە دەنووسێت" وەك بەشێكی تر لە زنجیرەی یاداشتە ڕۆمانەكانی  "1987، كتێبی برینی من – بەرلین، كتێبی پەناهەندەیی من" كارم تێدا كردووە و دەبێتە كۆتا بەشی ئەو زنجیرەیە.

داستان ئەوەشی گوت، هەرچەندە خوێنەر دەتوانێت سەربەخۆ هەر كام لە بەشەكان بخوێنێتەوە، بەڵام كاتێك هەرسێكیان دەخوێنیتەوە، بۆی دەردەكەوێت پێوەندییەكی بابەتی و هێڵێكی سەرەكی چیرۆك و تەكنیك و شێوەی گێڕانەوە هەرسێكیان پێكەوە گرێ دەدات.

نووسەر ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی لەم بەشەدا بۆم گرنگ بووە، تەواوكردنی سەرجەم ئەو چیرۆك و بەسەرهاتانە بوو كە مەبەستم بووە لە میانی ئەم زنجیرەیەدا كاریان لەسەر بكەم، هەڵبەت بە تەكنیك و شێوازێك كە بۆ ئەم شێوە كاركردنە بەشیاوم زانیوە.

  شایانی باسە لە  ساڵانی پێشوودا هەردوو بەشەكەی ئەم زنجیرە یاداشتە ڕۆمانەی داستان بەرزان لە دوو كتێبی جیادا  بڵاو بوونەتەوە، ئەم كتێبە دەبێتە سێیەم و كۆتا بەشی ئەو زنجیرەیە كە نووسەر لە ساڵی 2018 دەستی بە نووسینی كردووە، لە ساڵی 2025دا دواین بەشی بڵاو دەكاتەوە.

كتێبەكە لەلایەن (زاری)یەوە دیزاین كراوە و ناوەندی یاسەمین چاپی دەكات.




وشە - سۆران عەزیز