سۆران نەدار بەرهەمێكی شیعریی بۆ منداڵان بڵاوكردەوە خاڵی تێدا نییە

:: PM:01:25:30/12/2024 ‌
بەرهەمی شیعری سۆران نەدار بۆ منداڵان بە ناونیشانی "دڵ و گوڵ و مەل و ئاو" لە سلێمانی چاپ و بڵاو كرایەوە لەم دیوانەدا هیچ خاڵێك و فاریزەیەكی تێدا نییە.

سۆران نەدار بە"وشە"ی گوت، ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی شیعری من كە پێشتر بەرهەمەكەی ترم ناوی "ڕەوڕەوە" بوو.

نووسەر لە درێژەی لێدوانەكەیدا باسی لەوە كرد، لە كۆتایی ساڵی 2024 دا "دڵ و گوڵ و مەل و ئاو" چاپ كراوە و بە تیراژی 500 دانە بڵاو كرایەوە.

نەدار ئەوەشی گوت، ئەو دوو بەرهەمە لە جیۆگرافیای ئەدەبی منداڵاندا داهێنانە و نوێگەرییە و دەستپێشخەرییە، بە بڕوای من دەق لە بنەڕەتدا بریتییە لە شێواز، دواتر ناوەڕۆك.

 نووسەر ئاماژەی بەوەش دا، دەبێ بزانین چۆن و چی بۆ منداڵ دەنووسین، ڕاستییەكەی ئێمە هەر كاتێك زانیمان چۆن بنووسین، ئەوكاتیش دەزانین چی بۆ منداڵان بنووسین، كرۆكی داهێنانەكانمان بۆ منداڵان لەسەر سێ ڕەگی سەرەكی و پتەو دەڕوێ، ئەوانیش خۆشەویستیی نیشتمان و سروشت و لایەنی پەروەردەیی.

نەدار باسی لەوەش كرد، نووسین دەبێ چێژبەخش و هەڵگری پەیامیش بێ، هەر بۆ نموونە وەك پەیامی ژیاندۆستی و تەندروستی و خۆشەویستی و نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی .



وشە - سۆران عەزیز