بروا ئه‌رسه‌لان ئه‌و گۆرانیبێژه‌یه كه ده‌نگێكی تایبه‌تی هه‌یه و له دایكبووی شارۆكه‌ی رواندزه، هه‌روه‌ها قوتابیی ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانه و ده‌رچووی زانكۆیه له به‌شی موزیك له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین.
پلانت چییه بۆ ساڵی نوێ؟
كاری هونه‌ریی فۆلكلۆرم هه‌یه، له ماوه‌یه‌كی نزیكدا بلاَوی ده‌كه‌مه‌وه و كارێكی دوێته.
به كێ ده‌گوترێت هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه؟
هونه‌رمه‌ند وشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، به‌و كه‌سانه ده‌گوترێت كه به‌راستی خزمه‌تی هونه‌ری كوردی ده‌كه‌ن و هاوخه‌می كاره‌كه‌یانن.
ئێسته جه‌نجاڵییه‌كی زۆر هه‌یه له ناو هونه‌ری كوردی، ئایا ئه‌و زۆری و بۆرییه‌ی ناو هونه‌ر كارێكی باشه؟
راسته من كه‌سێكی ئه‌كادیمی هونه‌رم خوێندووه، به‌لاَم پێم باشتره ئه‌و پرسیاره له كه‌سانێكی پسپۆر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانین باشه یان خراپ .
له ناو هونه‌رمه‌نده‌كان كێ به مامۆستای خۆت ده‌زانیت؟
هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه گوێگری مامۆستا زیاد ئه‌سعه‌د بوومه، بۆیه زۆر به تامه‌زرۆییه‌وه گوێم له‌و ئه‌ستێره گه‌وره هونه‌رمه‌نده گرتووه.
هه‌قی ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی خۆت داوه؟
بۆ ئه‌م پرسیاره ده‌بێت جه‌ماوه‌ره‌كه‌م بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بدات، چونكه من گۆرانی بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌م ده‌ڵێم و هه‌وڵدانم بۆ ئه‌وه‌یه كارێكی جوان به دڵی جه‌ماوه‌ر پێشكه‌ش بكه‌م، خزمه‌تێك به هونه‌ری كوردی بكه‌م و دڵی جه‌ماوه‌ر خۆش بكه‌م.
ئێسته تا چه‌ند قورسه بۆ دۆزینه‌وه‌ی تێكستێكی باش؟
قورسه، چونكه ئه‌و تێكسته‌ی كه له گۆرانییه‌ك به‌كاری دێنین، ده‌بێت تێكه‌ڵ به هه‌ست ببێت.
له كاری هونه‌ری زیاتر پشت به‌چی ده‌به‌ستیت؟
به‌ڕاستی كاری هونه‌ری كارێكی قورسه، چونكه ئه‌و كاره‌ی ده‌یكه‌یت ده‌بێ تێكست و میلۆدییه‌ك بێت كه گوێگر گوێی لێ ده‌گرێت، واهه‌ست بكات ئه‌و گۆرانییه‌ت بۆ ئه‌و گوتووه.
ئێسته زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان لایڤ موزیك ده‌كه‌ن تۆ تاچه‌ند خۆت له لایڤ موزیك ده‌ده‌یت؟
لایڤ موزیك كارێكی پێویسته بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه هیچ كارێكی تریان نییه، به‌لاَم من پێم باشه ئه‌گه‌ر كه‌سانێك هه‌بن بتوانن هونه‌رمه‌ند له‌و شوێنه ده‌ربێنن بۆ شوێنێكی شایسته‌تر، ده‌رفه‌تی ئه‌وه بڕه‌خسێنن كه هونه‌رمه‌ند بتوانێت كۆنسێرت بكات.
چ چیرۆكێك هه‌یه له پشت تێكستی گۆرانییه‌كانت؟
له پشتی ئه‌و تێكستانه‌ی من به‌كاریان دێنم، هه‌میشه كۆمه‌ڵێك چیرۆك هه‌یه كه له ناو گوێ‌گران و خه‌ڵك ده‌بیسرێن و وات لێ ده‌كات گۆرانی‌یان بۆ بڵێیت.
ده‌ڵێن هه‌ڵكه‌وت زاهیر زۆر به ده‌گمه‌ن كار بۆ هونه‌رمه‌ندی پیاو ده‌كات، چۆنه ئه‌و به‌رهه‌مه پێكه‌وه ده‌یكه‌ن؟
كارێكی تازه‌م هه‌یه به ناوی چۆن توانیت، میلۆدیی توركییه و تێكسته‌كه‌ی خۆم بۆم نووسیوه، له‌لای مامۆستا هه‌ڵكه‌وت زاهیر كاره‌كه‌م كردووه، مامۆستا هه‌ڵكه‌وت زاهیر هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت كار له‌گه‌ڵی له‌گه‌ڵ بكات، ئه‌وه ئه‌گه‌ر شیاو بێت، ئه‌وا مامۆستا هه‌ڵكه‌وت كار بۆ هه‌موو كه‌سێك ده‌كات، هه‌ر ئه‌ویش بوو له‌وانه‌ی زۆر هانی داوم گۆرانی بڵێم.
وشه/ ئه‌حمه‌د تاریق