دینای خانمە سەماكارە بەناوبانگی میسری گڕی لە سۆشیال میدیا بەردا، ئەمەیش دوای ئەوەی ئاشكرای كرد كە بۆیەكەم جار لە سعوودیە خوولی راهێنانی سەمای رۆژهەڵاتی دەكاتەوە.
بەپێی ئەو قسانەی كە دینا كردوونی، ئەم خانمە سەماكارە سێ خوولی راهێنان بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی پێشكەشی خوازیاران دەكات و دواتریش بڕوانامەی راهێنانیان پێ دەدرێت.
لەمیانی پارچە ڤیدیۆیەكدا بۆ رێكلام لەبارەی خوولەكانییەوە، خانمە سەماكارەكە دەڵێ، بۆ یەكەمجار لە 31ی كانوونی دووەم و یەكی شوبات لە خوولەكانی راهێنان لە ریاز دەتانبینم وخۆشحاڵ دەبم بە بینینیتان.
خانمە سەماكار دینا دووچاری هێرشێكی گەورە بووەوە لەلایەن بەكارهێنەرانی سۆشیال میدیاوە، بەهۆی راگەیاندنی بۆ خوولێكی لەم جۆرە لە سعوودیە.
جێگەی ئاماژەیە، لەم دواییانەدا چەندان چالاكی نامۆ بە سعوودیە لە وڵاتەكە ئەنجام دران و مشتومڕی گەورەیشی بەدوای خۆیدا هێنا، لەنێوانیاندا ئاهەنگی چەند هونەرمەندێكی بیانی بوون كە دیكۆرەكەی بەشێك لە خەڵك پێیان وابوو لەسەر شێوازی كەعبە دیزاین كراوە.