"لە بەغدا بڕیار بەدەستی حكوومەت نییە و دەسەڵات لە دەستی لایەنە سیاسییەكاندایە"

:: PM:06:58:01/01/2025 ‌

ناسر هەركی ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی "وشە" دا، تیشك دەخاتە سەر سیاسەتەكانی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و دەڵێت، بەغدا هەمیشە بەچاوی دوژمن سەیری هەرێمی كردووە، ئەوان بەهیچ شێوەیەك سیاسەتی خۆیان بەرانبەر بە كورد ناگۆڕن، ئەگەر دەمووچاوەكانیش بگۆڕێن، یەك سیاسەت و بیركردنەوەیان بۆ كورد و كوردستان هەیە.

*چەندین حكوومەت لە عێراق گۆڕدران، كەچی سیاسەتی بەغدا بەرانبەر بە هەرێم جێگیرە و ناگۆڕێت، هۆكارەكەی چییە؟

دەبێت هەموو كورد ئەوە بزانن، كە بەغدا لە دوای ساڵی 2003 بەهەموو شێوەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستانی كردووە، ئەوە روونە كە رژێمی پێشوو چۆن مامەڵەی لەگەڵ كورد دەكرد، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، ئەو شێوازە سیاسەت و مامەڵەیە بەرانبەر بە هەرێم وەك خۆی ماوەتەوە، ئەوان دژایەتیی خۆیان بەرانبەر بە كورد و كوردستان نیشان دەدەن و هەمیشە بەچاوی دوژمن سەیری هەرێم دەكەن.

*ئامانجی بەغدا لەو جۆرە سیاسەتە چییە؟

لە بەغدا ئەگەر دەمووچاوەكانیش بگۆڕدرێن، بەڵام سیاسەت و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی بەرانبەر بە كورد و كوردستان ناگۆڕێن، لە رابردوو چۆن مامەڵەیان كرد، ئێستەش بەهەمان شێوە مامەڵە دەكەن، كورد برسی دەكەن، ئامانجەكەش دژایەتیكردنی كوردە، ئەوان دەیانەوێ هەرێمی كوردستان بێ ئیرادە بكەن، لە رابردوو زۆریان هەوڵ داوە و ئێستەش بەردەوامن و بەهەموو شێوەیەك دژی كورد دەوەستنەوە.

*مەبەستی سەرەكیی دژایەتیی بەغدا بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێم چییە؟

دەبێت بەغدا و ئەوانەی دەسەڵاتیان لەوێ هەیە بزانن كە كوردستان خاوەن ئیرادەیە و قەوارەی هەرێمی كوردستان بەهێزە، بەغدا بەهیچ شێوەیەك بەو گوشارانەی كە دەیكات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەكاردێنێت، ناتوانێت هەرێم لاواز بكات و لە پێگەی حكوومەتی هەرێم بدات، هەتا ماون ئەوە نابینن كە هەرێم لاواز بێت، خۆیان باش دەزانن چۆن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێت.

*بەرانبەر بەورەفتارانەی بەغدا، كەچی هەرێم هەمیشە نیازپاكیی نیشان داوە، هۆكارەكەی چییە؟

هەرێمی كوردستان هەمووكات نیازپاكیی خۆی بەرانبەر بە بەغدا نیشان داوە، پێچەوانەی ئەوە بەغدا هیچكات نیازی ئەوەی نەبووە كێشەكان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكات، تەنیا ویستوویەتی بڕیارەكانی خۆی بەسەر هەرێم بسەپێنێت و خۆی فەرز بكات و حكوومەتی هەرێم بێدەسەڵات بكات، كە دەستووری عێراق دەسەڵاتی بۆ داناوە.

*ئەو سیاسەتەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێم ئەنجامی دەبێت، واتە دەتوانن مەبەستی خۆیان كە باست كرد لەو رێگەیەوە بێننە دی؟

ئەوە راستییە، لە رابردوو دەسەڵاتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەهەموو شێوەیەك دژی كوردستان بوون، هەموو شتێكیان كردووە كە چۆن سزای كورد بدەن، لە دەسەڵاتەكانی رابردوو بەجۆرێك دژایەتیی كورد دەكرا و ئەنفال و كیمیاباران دەكرا، دەسەڵاتەكانی ئێستە بەجۆرێكی تر ئەو كارە دەكەن و برسی دەكەن، بەڵام ئەوان دەڕۆن و نامێنن و پێگەی كوردستان زیاتر و زیاتر بەهێز دەبێت و خۆشیان ئەوە دەزانن، بەڵام پەند لە هەڵەكانی رابردوو وەرناگرن.

*هیچ هیوایەك هەیە كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بكرێت؟

كێشەی بەغدا ئەوەیە لە ناوخۆیاندا لایەنەكان كێشەیان هەیە، ئەگەر هەنگاوێك بە ئاراستەی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بنێرێت، دژایەتی دەكرێت و گوشار دەخرێتە سەر حكوومەت بۆ ئەوەی هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەریی كێشەكان لەگەڵ هەرێم نەنێت، ئەوان شەڕی خۆیان بە هەرێمی كوردستان دەكەن.

*سەبارەت بە هەڵوێستی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، چەند جارێك باسی چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێم كردووە، كەی ئەو كێشانە چارەسەر دەبن؟

رەنگە حكوومەت بیەوێ كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵام هەمووان دەزانن بڕیار بەدەستی حكوومەت نییە، حكوومەتی عێراق و سەرۆك وەزیران موخەیەر نین و موسەیەرن، دەسەڵات لە دەستی لایەنە سیاسییەكاندایە كە فەرمانی پێ دەكەن، هەروەها بوونی ئەو گەندەڵییە زۆرەی لە عێراق هەیە ئەویش هۆكارە، ئەوان متمانەی جەماوەر و خوای گەورەشیان لەدەست داوە، رۆژێكی رەش چاوەڕوانیان دەكات وەك چۆن بەسەر ئەوانەی پێشوودا هات، پێم وایە باشترین چارەسەر هەر سەرۆك و حكوومەتێك بیەوێ خزمەتی عێراق بكات، دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ كورد بكات و مافی كورد بدات.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل