ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی نووسینی برایلە

:: AM:09:38:04/01/2025 ‌
رۆژی چواری كانوونی دووەمی هەموو ساڵێك، بە رۆژی جیهانیی نووسینی برایل لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاری كراوە، بەهۆی بوونی ژمارەیەك لە نابینایان لە هەرێمی كوردستان ئەو زمانەش گرنگی پێ‌ دەدرێت.

چیمەن رەئووف مامۆستای نابینایان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە كوردستان لەڕێگەی چەند پەیمانگەیەك بەناوی رووناكی نابینایان، خوێندن فێری قوتابیی نابینایان دەكرێت، ئەو جۆرە خوێندنەش لەڕێی نووسینی برایلەوەیە.

زیاتر گوتی، ئامانج لە دیاریكردنی ئەم رۆژە، هاندانێكە بۆ كەسانی نابینا كە لە هەوڵەكانیان بۆ خوێندن و فێربوون بەردەوام بن.

لە ساڵی 2009ەوە رۆژی جیهانیی نووسینی برایل بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك لە گرنگیی ئەو زمانە وەك ئامرازێكی پێوەندیكردن، لە بەدیهێنانی مافەكانی مرۆڤی نابینا و كەمبینا بەڕێوە دەچێت.

پێشتر لە هەرێمی كوردستان كەمیی ئامێری چاپی برایل هەبوو، بەڵام ئێستە ئەو كێشەیە چارەسەر كراوە و یەكێك لە باشترین ئامێرەكانی چاپ لە هەولێردا هەیە.

نووسینی برایل بریتییە لە نمایشكردنی هێمای ئەلف و بێ و ژمارەییەكان، بە بەكارهێنانی شەش خاڵ بە دوو ریزی ستوونی كە هەریەك لە ریزەكان سێ خاڵ لەخۆ دەگرێت، سیستمەكە لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر جیاوازی هەیە، لەلایەن نابینا و كەمبیناوە بەكار دەهێنرێت.

نووسینی برایل بە ناوی داهێنەرەكەیەوە ناو نراوە كە لویس برایلی داهێنەری سەدەی نۆزدەیەم، داهینەرێكی فڕەنسی بووە و ساڵانی (1809-1852) ژیاوە.



وشە - رامیار جەواد