سوودەكانی بیبەری رەش بۆ تەندروستی بزانن

:: AM:10:12:04/01/2025 ‌
زۆرن ئەوانەی كێشەی گەدەیان هەیە، پێیان وایە بیبەری رەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی گەدە دەبێت، بەڵام پێگەیەك لە راپۆرتێكدا سوودەكانی بیبەری رەش ئاشكرا دەكات كە بەپێی گوتەی پسپۆرانی بواری خۆراك، بەكارهێنانی بیبەری رەش لە خواردندا نەك هەر زیانی بۆ تەندروستیی نییە، بەڵكو سوودەكانی زۆر لەوە زیاترن كە پێشتر باس كراون.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو چواری كانوونی دووەم، هەواڵەكەی لە پێگەی "تایمز ئۆف ئیندیا" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، بیبەری رەش سوودەكانی بۆ تەندروستی مرۆڤ زۆرن، لەناویاندا  پرۆسەی هەرس باشتر دەكات و لەگەڵیدا زۆربەی هەوكردنەكان لەناو دەبات، جیالەوەی رۆڵی گرنگی هەیە بۆ دابەزاندنی كێش، بۆیە پسپۆرانی خۆراك ئامۆژگاری دەكەن كە گرنگە بەكارهێنانی بیبەری رەش لە خواردنەكاندا فەرامۆش نەكرێت.

لەبارەی سوودەكانی ئاماژە بەوە دراوە كە بیبەری رەش چەوری لە جەستە دەسووتێنێت، هەروەها وزەی زیاتر بە جەستە دەكات و لەگەڵیدا رۆڵی گرنگی هەیە لە دابەزاندنی كێش و شانە چەورییەكان لەناو دەبات. هەروەها بیبەری رەش دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسید كە بۆ جەستە زۆر بەسوودە. ئەركی هەناسەدان ئاسانتر دەكات و لە كاتی كەشی سەرمادا رۆڵ دەبینێت لە نەهێشتنی وشكە كۆكین.

باس لەوە دەكرێ كە بیبەری رەش ترشەڵۆكی هێدرۆكلۆریك لە گەدە بەرهەم دێنێت، ئەوەیش كاریگەریی هەیە بۆ ئەركی هەرس و پارێزگاری لە ریخۆڵەكان. هەروەها سووڕانەوەی خوێن بە دەمارەكاندا هاوسەنگ دەكات و رۆڵی زۆری هەیە بۆ دووركەوتنەوە لە جەڵتەی دڵ. لەگەڵ ئەوانەیشدا بیبەری رەش دژە بەكتریا لەخۆ دەگرێت و چارەسەریشە بۆ نەخۆشییەكانی پێست و لەناویدا نەهێشتنی قنچكە.

مادەی بیبیرین كە لە بیبەری رەشدا هەیە، كاریگەریی زۆری هەیە بۆ ئەركەكانی مێشك و پارێزگاری لە مێشكێكی تەندروست دەكات، سەرنج باشتر دەكات و وا دەكات مرۆڤ كەمتر تووشی تووڕەبوون بێت. هەروەها دژە بەكتریا و دژە میكرۆبەكان لە بیبەری رەشدا، پارێزگاری لە بەرگریی جەستە دەكات و لەگەڵیدا مرۆڤ لە هەوكردنە جۆراوجۆرەكان دەپارێزێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د