لە ماوەی رابردوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بارگەی حزب و نووسینگەكانی نزیك لە پەكەكەی لە سلێمانی داخست، ئەوە نیشانەی پرسیاری دروست كرد، چونكە ئەو حزبە بە بەردەوام لافی بە پێوەندییەكانی لەگەڵ پەكەكە و پەیەدە لێ دەدا، بەڵام دەركەوت ئامادەیە سازش لەسەر ئەوانیش بكات و وەك كارتێك یان بە گوشاری وڵاتانی ناوچەكە بەكاری هێناون، راپۆرتێك تیشك دەخاتە سەر دیوەكەی تری بابەتەكە.
لە ماوەی رابردوو هێزەكانی
ئاسایشی یەكێتی چوار نووسینگە و سەنتەری نزیك لە پەكەكەیان لەو پارێزگایە داخست، هەندێكیان بە پاساوی كۆتاهاتنی ماوە و مۆڵەتی كاركردنیان، لەو كاتەی حكوومەتی عێراق ساڵی رابردوو پەكەكەی وەك حزبێكی قەدەغەكراو پۆلێن كرد و داوای لە دامەزراوكانی كرد لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، كەچی یەكێتی تازە پەنای بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە برد.
لە ماوەی ساڵانی رابردوو یەكێتی ئازادییەكی رەهای بە پەكەكە و حزب و رێكخراوەكانی دا بۆ جموجۆڵ، تەنانەت سەربازیش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی، هەر ئەوە وای كرد توركیا بۆردمانی چەندان ناوچەی پارێزگاكە بكات و گەمارۆش بخاتە سەر گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی، ئەندامێكی یەكێتی دەڵێت، بڕیارەكەی دوایی لە چوارچێوەی هەوڵەكانی یەكێتییە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، جیا لە پێداچوونەوەی ناوخۆیی بۆ خۆلادان لە كاریگەریی نەرێنی هەندێك لە بڕیارەكان.
روونی كردەوە، یەكێتی پاڵپشتیی لە پەكەكە نەكردووە، بەڵكو رێگەی پێ داون ئازادانە كار بكەن، ئەو بەرپرسەی یەكێتی بە "ئیرم نیوز"ی گوت، هەندێك لایەنی ناو پەكەكە سوودیان لەو ئازادییە وەرگرت و چالاكییەكانیان فرەوانی كرد، زیاتر لەوەی رێككەوتنی لەسەر كرابوو، ئەوەش هەڵەیەكی گەورەیە، بۆیە چەند بڕیارێك لەبارەی پەكەكەوە دەرچووە، مەبەست پارێزگاریكردنە لە پێوەندییەكان و توڕەنەكردنی توركیایە.
لە ماوەی رابردوو بەتایبەتی پێش رووخانی بەشار ئەسەد و دوای ئەوەش، ئەمەریكا و توركیا عێراق و میلیشیاكانیان بەتوندی ئاگەدار كردبووەوە لە دەستوەرنەدان لە كاروباری سووریا و كارنەكردن دژی دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە، لەوكاتەی راپۆرتەكان سەبارەت بە رۆڵی پەكەكە لە سووریا باسی چەند سیناریۆیەك دەكرێت، لەوانە ئەگەری هەیە ئێران پەنا بۆ پەكەكە ببات بۆ هێرشكردنە سەر توركیا بەهۆی دۆخی سووریاوە، سیناریۆیەكی تر سوودبینین لە پەكەكە بۆ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ هەسەدە و بەكارهێنانی لە دژی جموجۆڵەكانی توركیا لە ناوچەكە و سووریا.
هەفتەی رابردوو لە هەنگاوێكدا هێزە تەناهییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئۆفیس و بارەگەی ئەو حزبانەیان داخست كە نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان، بەشێك لە چالاكانی سەر بەو هێزانە دەڵێن، یەكێتی رێككەوتنی لەگەڵ توركیا كردووە بۆ ئەوەی ئاسمانی توركیا بە رووی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بكاتەوە.
هەرچەندە یەكێتی لە رێی میدیاكانی بڵاوی كردەوە كە ئەو بڕیارە دوای ئەوەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق لە سەرەتای مانگی ئابی 2024 دێت، كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ حزبی لە هەرێمی كوردستان داوە، بەڵام ئەندامێكی یەكێك لەو حزبانە پێشتر دووپاتی كردبووەوە، ئەو بڕیارە لە ئەكامی رێككەوتنی نێوان توركیا و یەكێتییە و ئەو حزبە رادەستی توركیا بووە، بڕیارەكە پێنج مانگە دەركراوە، كەچی تازە یەكێتی لەپڕ جێبەجێی دەكات، لەكاتێكدا پێشتر لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق مۆڵەتمان نەبوو، بەڵام یەكێتی بۆ موزایەدەی سیاسی داینەدەخست، بۆیە تاكە هۆكاری داخستنی ئەو بارەگایانە بەهۆی ئەوەیە كە پێوەندییان بە پەكەكەوە هەیە.