پێوەندیی نێوان ڤیاگرا و ئەلزەهایمەر چییە؟

:: PM:08:26:04/01/2025 ‌

نەخۆشی ئەلزەهایمەر، كە بڵاوترین جۆرەكانی خەڵەفانە لە مرۆڤ، لەزیادبوونە و تا دێ تەمەنی تووشبوون و كاتی دەركەوتنی نیشانەكانی كەمتر دەبنەوە، واتە مرۆڤ لە تەمەنێكی زووتر تووشی دەبێت، توێژینەوەیەكی نوێ باسی بەكارهێنانی ڤیاگرا دەكات بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشییە.

ئێستە لە ئەمەریكا ژمارەی تووشبووانی ئەلزەهایمەر گەیشتووەتە نزیكەی 6.7 ملیۆن كەس، كە پێنجەمین هۆكاری مردنە لەو وڵاتە، تا دێت ژمارەی تووشبووان زیاتر دەبێت، كاتێك توێژینەوەكان باسی ئەوە دەكەن تێكڕای مردن بەو نەخۆشییە لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2019 بە رێژەی 145% زیادی كردووە، لەوكاتەی مردن بە چەند نەخۆشییەكی تر رووی لە كەمی كردووە وەك دڵەنۆرە و ئایدز.

توێژینەوەیەكی نوێ باسی ئەگەری بەكارهێنانی سیلدینافیل، كە پێكهاتەیەكی دەرمانیی ڤیاگرایە و بۆ چارەسەركردنی لاوازیی رەقبوونی ئەندامی نێرینەی مرۆڤ و چەند نەخۆشییەكی تر وەك دابەزینی پەستانی خوێن بەكاردێت، بۆ كەمكردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر، توێژەران بۆیان دەركەوت ئەو دەرمانە مەترسیی تووشبوون 30 بۆ 54% كەم دەكاتەوە، بۆ ئەوانەی بۆ كێشەكانی باس كران وەری دەگرن. 

توێژەران بۆیان دەركەوت ئەو دەرمانە، واتە سیلدینافیل، دەتوانێت ئاستی پرۆتینی "تاو"ی ژەهراوی كەم بكاتەوە، كە لە مێشك كۆ دەبێتەوە و هۆكارێكی سەرەكیی پەرەسەندنی نەخۆشیی ئەلزەهایمەرە، هەروەها دەركەوت ئەو دەرمانە توانای دەمارە خانەكان بە هێز دەكات و هەوكردن كەم دەكاتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل