رۆژنامەی واشنتن پۆست كاریكاتێر لەسەر ترەمپ بڵاو ناكاتەوە

:: AM:10:18:05/01/2025 ‌
بەهۆی ئەوەی لە رۆژنامەی واشنتن پۆست كاریكاتێرێكی لەسەر ترەمپ بڵاو نەكرایەوە، ئان تێلنایس كاریكاتێریستی بەناوبانگ دەستی لەكار كێشایەوە.

ئان تێلنایس كاریكاتێرەكەی لەسەر ئەوە درووست كردووە، كە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا هەر لەئێستەوە بەرەو ترەمپ رادەكەن.

رۆژنامەكانی ئەمەریكا هەر لە ئێستەوە خۆیان لە سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ دەپارێزن، بۆیە رۆژنامەی بەناودەنگی ئەمەریكی رەتی كردەوە كاریكاتێر لەسەر ترەمپ و ئەو دەوڵەمەندانەی بەرەو پیری رادەكەن بڵاو بكاتەوە.

كاریكاتێرەكە لەلایەن ئان تێلنایسەوە دروست كراوە و بڕیار بوو وەك هەموو كارەكانی تری بڵاو بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خاوەنی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست جێف بیزۆس و ملیاردێرەكانی تری تێدایە كە بە هەڵەداوان بەرەو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمەریكا دەڕۆن، هیچ لەسەر بڵاو ناكەنەوە.

ئان تێلنایس كاریكاتێریستێكی خاوەن خەڵاتی پولیتزەرە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕای گەیاند، دەست لە كار دەكێشێتەوە، دوای ئەوەی بەشی بۆچوونەكانی ڕۆژنامەكە كاریكارتێرێكی ئەمیان ڕەت كردەوە لەسەر ترەمپ بڵاو بكرێتەوە.

تێلنایس لە ساڵی 2008ەوە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست كار دەكات، لەبارەی بڕیاری ڕۆژنامەكە بۆ رەتكردنەوەی كاریكاتێرەكەی گوتی: مەترسیدارە بۆ ڕۆژنامەگەرییەكی ئازاد نەوێرێت هیچ لەسەر سەرۆكی ئەمەریكا بڵاو بكاتەوە.

ئەو كاریكاتێریستە ئەوەشی گوتووە، لەو ماوەیەدا هەرگیز كاریكاتێرێكم رەت نەكراوەتەوە، هەرگیز رۆژنامەوانی ئەمەریكیش ئەوەندە ترسنۆك نەبووە.



وشە - وشه‌