كەرەقولە مردار بووەوە

:: AM:11:11:05/01/2025 ‌
ئەو گوێدرێژەی كاراكتەری گوێدرێژەكەی فیلمی "شرێك"ی لەسەر دروست كرابوو و بە "كەرەقولە" ناسرابوو، لە تەمەنی 30 ساڵیدا لە یەكێك لە پاركەكانی كالیفۆرنیا مردار بووەوە.

پێگەی باخچەی بارۆن پارك لە كالیفۆرنیا نووسیویەتی، ئەو كەرەی كارەكتەری فیلمی شرێكی لەسەر دروست كرابوو، دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی لامینتیس، لە تەمەنی 30 ساڵی مردار بووەتەوە و ئەو رووداوەشیان بە رووداوێكی بەئازار ناو بردووە.

پێری كە ناوی ئەو كەرە بوو لە ساڵی 1994 لە دایك بووە، تا تەمەنی 30 ساڵی لە پاركێكی كالیفۆرنیا چاودێری كراوە، ئەو گوێدرێژەی لە فیلمی "شرێك" كە لە ساڵی 2001 پەخش كرا و ڤۆیس ئۆڤەری لەلایەن ئێدی مۆرفی ئەكتەری بەناوبانگ بۆ كرا، لەسەر شێوەی ئەم گوێدرێژە دروست كرابوو.

فیلمی شرێك، باس لە چیرۆكی زەبەلاحێك دەكات كە ئاشقی كچی یەكێك لە پاشاكان دەبێت بەناوی فیۆنا كە هاوشێوەی خۆی، بەهۆی جادوویەكەوە دوای نیوەی شەو، شێوەی بۆ زەبەلاح دەگۆڕێت، یەكێك لە كاراكتەرە سەرەكییەكانی ئەم فیلمە، گوێدرێژێكە بەناوی (دۆنكی) كە رۆڵێكی دیار و جیاوازی لە ئەنیمەیشنەكەدا هەیە.


وشە - رامیار جەواد