ماوەی چەند ساڵێكە چەندان توێژینەوەی پزیشكی لەبارەی هەناسەهەڵكێشان و هەناسەدان كراوە كە تا چەند رۆڵی هەیە لە درێژكردنەوەی تەمەنی مرۆڤ یان كەمكردنەوەی. بەمدواییە پسپۆرێكی كەنەدی كە ماوەی 25 ساڵ ئەزموونی لە بواری تەندروستی و خۆشگوزەرانی هەیە، بە وردی باس لە هەناسەدان و كاریگەریی لەسەر تەمەن كردووە.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، جانین بویرینگ پسپۆرێكی كەنەدییە و ماوەی 25 ساڵە ئەزموونی لە بواری تەندروستی و خۆشگوزەرانی هەیە، لە ئینستاگرامی خۆی نووسیویەتی، بەپێی توێژینەوەكان هەناسەدان و هەناسەهەڵكێشان هەرچەند بە هێمنی و خاوتر بێت و لە ژینگەیەكی پاكدا بێت، تەمەنی مرۆڤ درێژتر دەكاتەوە، ئەگەر بە خێرایی بێت تەمەن كەمتر دەكاتەوە.
ئەو پسپۆرە زیاتر روونی كردەوە، بۆ ئەوانەی تەمەنیان هەندێك گەورەتر بووە، لە خولەكێكدا 15 تا 20 جار هەناسە دەدەن، ئەوەیش پێی وایە لە هەناسەدان و هەڵكێشان زێدەڕۆییە و ئەو جۆرە هەناسەدانە تەمەنی مرۆڤ كەمتر دەكاتەوە. دووپات دەكاتەوە خۆ ئەگەر هەوڵ بدرێ و لە ژینگەیەكی پاكدا بیت، ژمارەی هەناسەدان 5,5 بێت لە خولەكێكدا، ئەوكات تەمەنی مرۆڤ درێژتر دەكاتەوە.
بۆ ئەوەیش دووپات لەوە دەكاتەوە كە دنیای ئاژەڵان بەڵگەیەكی ترن بۆ تەمەنی گیاندار. ئەو دەڵێ هەرچەند هەناسەدان بە هێمنی و خاوتر بێت، تەمەن درێژ دەبێتەوە و بۆ ئەوەیش نموونەی لەسەر دۆلفین هێناوەتەوە كە هەناسەدانی زۆر هێمن و خاوە، بۆ ئەوەیش لە زۆربەی گیاندارەكان زیاتر دەژی كە هەناسەدانیان خێراترە.
هاوكات ئەو پسپۆرە نموونەیەكی تری لەبارەی مشك هێناوەتەوە كە لە ماوەی یەك خولەكدا 250 جار هەناسە دەدات، واتا هەناسەدانی لەلای مشك زۆر خێرایە، ئەوەیش وایكردووە تەمەنی زۆر كورت بێت.
ئەو پسپۆرە باسی لەوە كرد كە ماندووبوون و دڵەڕاوكێ رۆڵی سەرەكی دەبینن كە مرۆڤ بە خێرایی هەناسە بدات یان هەناسە هەڵبكێشێت، بۆیە ئامۆژگاری دەكات گرنگە بایەخ بە رامان و یۆگا بدرێت كە ئەوانە هەناسەدان خاوتر دەكەنەوە.
هەندێك لە توێژەران باس لەوە دەكەن، ئەوانەی لەو ناوچانەدا دەژین كە ئۆكسجین تێیاندا هەندێك نزمترە، ئەگەر سەرنج بدرێت تەمەنیشیان درێژترە و تەندروستییان زۆریش باشە.