ئەگەر پەستانی خوێنت بەرز بووەوە چی دەكەیت؟

:: PM:08:28:05/01/2025 ‌

بەرزیی پەستانی خوێن یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنە بڵاوەكان، بەهۆی پەستان لەسەر دیواری لوولەكانی خوێنەوە روودەدات، نیشانەی نییە، بەڵان ئەگەری هەیە كێشەی گەورە و مەترسیدار دروست بكات، وەك سەكتەی مێشك و شەكەتیی دڵ و وەستانی گورچیلەكان، هۆكارەكەی زیادبوونی بارگرانییە لەسەر دڵ و لوولەكانی خوێن و لە رێگەی پێوان بە ئامێری پەستانپێو ئاشكرا دەكرێت، بەڵام چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەیت؟ 

د. ئەلكسەندەر ئۆمنۆڤ، پسپۆڕی نەشتەرگەری باسی چەند شێوازێكی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەسە دەكات كە پەستانی خوێنی بەرزە، بۆ نموونە كردنەوەی دەرگە و پەنجەرە بۆ هەواگۆڕكێ لە ماڵەوە و دانانی پارچە قوماشێكی تەڕ لەسەر سەری كەسەكە، سەرەتا دەبێت هۆكارەكەی چارەسەر بكرێت، ئاخۆ بەهۆی گەرمی یان ماندووبوون بەرز بووەتەوە، دوای ئەوە دەرمانی پێویست بۆ كەمكردنەوەی پەستانەكە بەخێرایی بخورێت، ئەوەش بەپێی ئاستی بەرزییەكە.

روونی كردەوە، لە حاڵەتی بەرزیی پەستانی خوێن نابێت ئەو كەسە وەرزش بكات یان لە كەشوهەوایەكی گەرم بمێنێتەوە، بەتایبەتی لەژێر تیشكی خۆر یان لە چێشتخانە و واز لە جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحول و قاوە بێنێت، دوای ئەوە پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات بۆ چارەسەری.

هاوكات چەند رێگەیەك هەن بۆ كۆنترۆڵكردنی بەرزیی پەستانی خوێن ئەوانیش، كەمكردنەوەی كێشی لەش و تیرەی ناوقەد، باشترین رێگەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە، جووڵانەوە و چالاكی و وەرزشی بەردەوام، بەتایبەتی لە هەوای كراوە، سیستمێكی تەندروستی خۆراك و كەمكردنەوەی خواردنی سوێری، كەمكردنەوەی خواردنەوەی كحول و وازهێنان لە جگەرەكێشان، خەوێكی باشی شەوانە و دووركەوتنەوە لە بیركردنەوەی زۆر و رارایی و چاودێریكردنی بەردەوامی پەستانی خوێن و كۆنترۆڵكردنی رێژەی كۆلیسترۆل و شەكرەی خوێن.      


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل