"یەكێتی بەناوی تەوتینەوە فەرمانبەرانی تووشی دڵەڕاوكێ و كێشەی دەروونی كردووە"

:: PM:09:02:05/01/2025 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەڵێنە درۆكان بە هاووڵاتی و فەرمانبەرانی سلێمانی بەردەوامە، بە ناوی تەوتینەوە فەرمانبەرانی هەڵخەڵەتاند و تووشی نەخۆشی دەروونی كردوون، لەكاتێكدا لە تەواوی هەرێمی كوردستان فەرمانبەرانی هەموو ناوچەكان "هەژماری من"یان بۆ دەكرێت و بە گوتەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان پڕۆژەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە.

"هەژماری من"، لە كارەكانی بەردەوامە و لە دوایین ئاماری تیمی هەژمارەكەدا فەرمانبەرانی كەرتی گشتی لە هەولێر بەتەواوی مووچەكانیان چووەتە سەر حیسابی بانكی و مانگانەش فەرمانبەرانی زیاتر دەبنە خاوەنی هەژمارەكە، بۆیە مانگ بەمانگ ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی كە لەو رێگەوە مووچە وەردەگرن زیاتر دەبێت، بڕیاریش وایە ئەمساڵ پرۆسەكە كۆتایی بێت و هەموو فەرمانبەران ببنە خاوەنی "هەژماری من".

لەوبارەوە حەسەن مارف مامۆستا لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، لەوەتەی پڕۆژەی "هەژماری من"، دەست بەجێبەجێكردنی كراوە و دەست كراوە بە كردنەوەی هەژماری بانكی و تۆماركردنی فەرمانبەران، یەكێتی باس لە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات، "هەژماری من"، وا دەگاتە كۆتایی، بەڵام یەكێتی هێشتا هەر باسی تەوتین دەكات، مانگ بەمانگ ژمارەی فەرمانبەران لە "هەژماری من"، زیاد دەبن و تۆمار دەكرێن، كەچی یەكێتی هێشتا تەوتینی بۆ یەك فەرمانبەر نەكردووە، هەر وەك بزانە پڕۆژەی "هەژماری من"، گەیشتە كۆتایی و هەموو فەرمانبەران تۆمار كران و بوونە خاوەنی هەژماری بانكی، یەكێتیش هێشتا هەر لە قسەكەی سەرتایەتی و نەگەیشتووەتە ئەوەی یەك فەرمانبەر تەوتینی بۆ بكرێت.

ئەو مامۆستایە باسی لەوەش كرد، لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆر هاواریان كرد "هەژماری من"، مەكەن، بەڵام هیچ بەدیلیان نەبوو، هەروەها فۆرمێكیان بڵاو كردەوە بەناوی تەوتین بەبێ ئەوەی هەتا ئێستە یەك فەرمانبەر لە سلێمانی تەوتینی بۆ كرابێت، جگە لەوە "هەژماری من"، بەردەوامە و بەردەوام فەرمانبەر تۆمار دەكرێن و مانگانەش سەرو سەت هەزار فەرمانبەر بەپێی هەژمارەكە مووچە وەردەگرن.

لای خۆیەوە، عەبدولحەكیم خەسرەوە سەرۆكی فەرمانگەی بەدواداچوون و هەماهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان یەك پرۆسەی تەوتین هەیە ئەویش لە چوارچێوەی "هەژماری من"ە و تەنیا ئەوە دەكرێت كە بەردەوامە و ئەو هەژمارە بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە.

هەر پێوەست بەو هەژمارە و تەوتینەكەی یەكێتی، خەدیجە عومەر ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەكە یاساییە و بۆ بەرژەوەندیی فەرمانبەران كراوە، حكوومەتی هەرێم ئەو پڕۆژەی بۆ فەرمانبەران راگەیاند، چونكە پێویست بوو هەرێمیش كۆتایی بەو سیستمە كۆنەی دابەشكردنی مووچە بێنێت، كەچی یەكێتی بەناوی تەوتینەوە دۆخێكی خراپی بۆ فەرمانبەرانی سنوورەكە دروست كردووە، فەرمانبەرانی رووبەڕووی دۆخی دەروونی كردووەتەوە، لەكاتێكدا "هەژماری من"، پڕۆژەی حكوومەتە و كارەكانی دەكات و هیچ شتێكیش لەسەر تەوتین نییە.

بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ مووچەی مانگی تشرینی دووەم، 219 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی "هەژماری من"، مووچە وەردەگرن و مانگانەش هەزاران فەرمانبەر زیاد دەكرێن و لە رێگەی هەژمارەكەوە مووچەكانیان وەردەگرن، تا ئێستەش سەرو 600 هەزار فەرمانبەر تۆمار كراون.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت