بەشێك لە ناوەڕۆكی ئەو نامانەی ناو مۆبایلەكەی تەیف سامی ئاشكرا دەبێت "هانی دراوە بۆ نەناردنی مووچە"

:: PM:10:07:05/01/2025 ‌
چاودێرێكی سیاسی ئاشكرای دەكات، ناو مۆبایلەكەی تەیف سامی پڕە لە نامەی بەشێك لە سیاسییەكانی كورد كە داوایان لێی كردووە مووچە بۆ هەرێم نەنێرێت. بەشێكی تریش لە چاودێران پێیان وایە، لەپاڵ سیاسەتی خودی عێراق بۆ لاوازكردن و برسیكردنی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەم خۆخۆری و كرمە ناوخۆییە هۆكارێكی ترە لە بێباكی بەغدا بۆ بڕینی قووتی مووچەخۆرانی هەرێم و نەناردنی. 

ئەمشەو یەكشەم پێنجی كانوونی دووەمی 2025، بەختیار تاڵەبانی چاودێری سیاسی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ئاشكرای كردووە كە گوێبیستی بەرپرسێكی كورد بووە لە بەغدا، كەوا گلەیی لە تەیف سامی وەزیری دارایی حكوومەتی فیدراڵ كردووە لەوەی مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم نانێرێت. 

بەپێی قسەی تاڵەبانی، تەیف سامی بەو بەرپرسە خەمخۆرە كوردەی راگەیاندووە، وەرە سەیری نامەكانی ناو مۆبایلەكەم بكە نامەی چەند كوردت نیشان بدەم كە مووچە نەنێرم. 

چاودێرەكە ئەوەیشی لە زاری بەرپرسە كوردەكەی بەغدا راگەیاندووە كە ئەو كوردانەی نامەیان ناردووە بۆ تەیف سامی و داوای نەناردنی مووچە و شایستە داراییەكانی لێ دەكەن، رێگەی ئەوەیان نیشانی تەیف سامی داوە كە وردبینی تەواو لە داهاتەكانی هەرێم بكرێت و هەرێم داهاتەكانی رادەست بكات و هەر ئەمە بكرێتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە. 

زانیارییەكانی ئەم چاودێرە سیاسییە "بەختیار تاڵەبانی" لە كاتێكدایە لەوەتەی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم كەوتووەتە سەر بەغدا، کە مافێكی دەستوورییە و لە تەواوی ناكۆكییەكان جیا كراوەتەوە و هەر دەبێت بنێردرێت، هیچ مانگێك عێراق ئامادە نەبووە لە وادەی خۆیدا قووتی مووچەخۆران بنێرێت و هەر مانگە و بە بیانوویەك دوای خستووە. 

لای خۆشییەوە، پێشەنگ مەلازادە چاودێرسی سیاسی لەبارەی ئەم جۆرە بەناو كوردانەی كە هانی بەرپرسانی بەغدا دەدەن بۆ رەوانە نەكردنی مووچەی هەرێم بە "وشە"ی گوت، بەغدا خۆی لەخۆیدا سیاسەتێك پێرەو دەكات كە دەیەوێت پێگەی هەرێم لاواز بكات، فەرمانبەرانی لە حكوومەتەكەی خۆی هان بدات. لەپاڵ ئەمانەیشدا بە گوتەی مەلازادە، ئەوانەی ئەم پێشنیارە بۆ تەیف سامی و بەرپرسانی عێراق دەكەن، هەمان ئەو كەسانەن كە رۆژانە مێشكی خەڵكیان بردووە بەوەی بەغدا لەسەر حەقە، دەركەوت راپۆرتەكانی ئەمان بەشێكی ترە لە هۆكاری بێباكی بەغدا لە دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.




وشە - پۆڵا مەحموود