تیرۆریزم بریتییە لە کیومینیکەیشن و ئەلگۆریزم

:: AM:11:30:06/01/2025 ‌
ئێف بی ئای رای گەیاند ئەو پیاوەی لە ڕۆژی سەری ساڵدا لە نیو ئۆرلینز بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی خستە ناو خەڵکێکی زۆرەوە و 14 کەسی کوشت، لەسەدا سەد ئیلهامەکەی لە داعش وەرگرتبوو.

دەوڵەتی ئیسلامی هەزاران چەکداری  لە دەست داوە بەهۆی مردن یان زیندان و تووشی لەناوچوونی خەلافەتی خۆڕاگەیاندنی خۆی بووە لە عێراق و سووریا. بەڵام دەستڕاگەیشتنی جیهانی ئەو گرووپە کە بە داعش ناسراوە، هێشتا فراوانە، بەشێکی ئەمە بەهۆی بەرهەمە میدیاییە پێشکەوتووەکانی و ئەو کەسانەوەیە لە سەرانسەری جیهاندا بەکاری دەهێنن.

لە ڕۆژی سەری ساڵدا، پیاوێک کە ئاڵای دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر بوو، لانی کەم 14 کەسی کوشت، کاتێک بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی خستە ناو قەرەباڵغییەکەوە لە شاری نیوئۆرلینز. دەسەڵاتداران دەڵێن هیچ بەڵگەیەک نەبووە کە ئەو کەسەی ناوی شەمسەدین بەهار جەبار پێوەندییەکی چالاکانەی لەگەڵ ئەو گرووپە تیرۆریستییە هەبووبێت. بەڵام F.B.I.  گوتی "لە سەدا سەد ئیلهامەکەی لە داعش وەرگرتووە."

هێشتا ڕوون نییە جەبار کام ناوەڕۆکی تایبەتی ئۆنلاین بینیبێت یان ڕادیکاڵ بووبێت. شارەزایان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دانانی ئاڵاکە لەسەر بارهەڵگرەکە لە ئاڵایەک دەچێت کە داعش لە هەڵمەتێکی میدیاییدا وێنای دەکات و داوای لە شوێنکەوتووانی کردووە "بەبێ بەزەییانە بیانشێلن". دەسەڵاتداران دەڵێن، پێش هێرشەکەی چەندان ڤیدیۆی لە ئەکاونتی فەیسبووکەکەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بەیعەتی بە داعش داوە.

لە ڤیدیۆی ئۆنلاینەوە تا پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا  و تەنانەت هەفتانە هەواڵنامەیەکی دەوڵەتی ئیسلامییان هەیە. ئەم گرووپەی کە دەیەوێت هەموو مسوڵمانان ناچار بکات بە توندی پابەند بن بە فێرکارییە سەرەتاییەکانی باوەڕەکەوە، ستراتیژییەکی میدیایی زۆر مۆدێڕنیان هەیە.
هانز جاکوب شیندلەر، دیپلۆماتکاری پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بەڕێوەبەری باڵای پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوییە، کە دامەزراوەیەکە ئۆفیسی لە نیویۆرک و بەرلین هەیە، دەڵێت: "تیرۆر لە بنەڕەتدا پێوەندییەکانە". ئاماژەی بەوەش کردووە، ".ئەوە شەڕ نییە، چونکە دیارە داعش ناتوانێت لەڕووی سەربازییەوە ڕۆژئاوا بشکێنێت، ڕاستە؟ هەوڵیان دا بەڵام بە تەواوی  و بە باشی کۆتایی نەهات بۆیان".
هەواڵنامەیەکی تیرۆریستی.

دەوڵەتی ئیسلامی چۆن نفووزی خۆی بە زیندوویی هێشتەوە؟ لە بەشێکدا بەهۆی گۆڕینی بزووتنەوەکە بۆ مەترسییەکی جیهانی لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ببەستنەوەی لە گەڵ لقە چالاکەکانی لە ئەفغانستان، سۆماڵ، مالی، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، کۆکوس و تورکیا، لەنێو شوێنەکانی دیکەدا.

بەڵام ئەو چەسپەی کە لقە جیاوازەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە ئۆپەراسیۆنی میدیایی پێشکەوتووی دەوڵەتی ئیسلامییە هەر ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئیلهامبەخشین بە تیرۆریستانی "گورگی تاقانە"ی وەک جەبار کە هێرشەکانی خۆیان ئەنجام بدەن . شارەزایان دەڵێن، لەکاتێکدا گومان هەیە ئۆپڕاسیۆنی ڕاگەیاندن بارەگایەکی فیزیکی هەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی پێشکەوتوو ناوەندییە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنەکەیەوە کۆنترۆڵ کراوە. پێدەچێت زۆربەی بەرهەمەکانی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بێت لە ئەفریقا، کە لەم دواییانەدا چالاکترین بوون لە ڕووی هێرشەکانەوە.

هەروەها گرووپەکە هەفتانە هەواڵنامەیەکی ئۆنلاین بە ناوی "ئەل نەبا"بڵاودەکاتەوە، کە وردەکارییەکانی دوایین کارە سەرکەوتووەکانی گروپەکە لەخۆدەگرێت، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هانی شوێنکەوتووانی دەدات بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی.

کۆل بونزێل، توێژەری ئیسلامی شەڕانگێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە دامەزراوەی هوڤەر لە زانکۆی ستانفۆرد دەڵێت: "هەواڵنامەی ئەلنەبا هەموو پێنجشەممەیەک بە وردی بڵاو دەبێتەوە، ئەمەش یەکێکە لەو کارە سەرنجڕاکێشانەی کە گرووپەکە توانای ئەنجامدانی هەیە".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئیدیتۆریان هەیە؛ هەرێمە جیاوازەکان ڕوماڵ دەکەن، وەک ناویان هەروەها هێرشەکانی هەفتەیەکەش. ژمارەی هێرش و قوربانییەکان دەژمێرن کە بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەوە ڕێگەی سەرەکییە کە ئەوان لە پەیوەندیدا دەمێننەوە لەگەڵ بنکەی پشتیوانی جیهانی خۆیان".

لە دوایین چاپی هەواڵنامەکەدا کە لە دووی کانوونی دووەم بڵاو کرایەوە، باسی هێرشی نیو ئۆرلینزی نەکردووە و دەوڵەتی ئیسلامیش بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشەدا نەگرتووەتە ئەستۆ.

ئارۆن زێلین، ئەندامی پەیمانگەی واشنتن کە زیاتر لە 15 ساڵە بەدواداچوون بۆ چالاکیی و پڕوپاگەندەی گرووپە ئیسلامییەکان دەکات، دەڵێت، ئەلنەبا سەرەتا لە ڕێگەی ئەپی نامە ناردنی تێلێگرام و پلاتفۆرمەکانی دیکەوە بڵاو کرایەوە، بەردەوام لەگەڵ داخستنی کەناڵە جیاوازەکاندا خۆی دەگونجێت.

لایەنگرانی گرووپەکە پەیامەکانیان لە تویتەر و پەیجەکانی فەیسبووک و پلاتفۆرمەکانی تری سۆشیال میدیا بڵاو کردووەتەوە، بەپێی توێژەران. کاتێک پرۆفایلی بەکارهێنەرەکانیان بلۆک دەکرێت، زۆرجار تەنیا پرۆفایلی نوێ دروست دەکەن. زێلین گوتی دەوڵەتی ئیسلامی ئامرازەکانی ئینتەرنێتی لامەرکەزی بەکارهێناوە کە داخستنی قورسترە و بەشێک لە پەیامەکانی گواستووەتەوە بۆ وێبی تاریک.

شرۆڤەکارانی تیرۆر دەڵێن، بەهۆی کەمی هەوڵدان بۆ ڕگریکردن، هەم لەلایەن هەندێک لەو کۆمپانیایانەوە کە پلاتفۆرمەکان بەڕێوەدەبەن و هەم لەلایەن حکوومەتەکانەوە، بۆ توندڕەوەکان ئاسانکاری بووە پەیوەندی لەگەڵ لایەنگرانی خۆیان لە سۆشیال میدیادا ببەستن.

شیندلەر گوتی کە لە ژێر ڕۆشنایی هێرشەکەی نیو ئۆرلینزدا پێویستە هەردوو لایەنی سیاسی بپرسن: "بۆچی ئەم پیشەسازییە گەورەیە بەم قازانجانە یارمەتی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانمان نادات بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە هێرشانە؟ بۆچی ئامۆژگارییەکمان پێناگات، وەک چۆن لە بانکەکان و هەموو دامەزراوەیەکی دارایی لە ئەمریکای باکوور و جیهانەوە پێمان دەگات، هاوتای ئەمە ئاگاداریمان پێ بگات کە تیرۆریستێک لێرە هەیە، یان کە پرۆسەی توندڕەویکردن لە ئارادایە؟''

شارەزایانی تیرۆر دەڵێن، شارەزایی دەوڵەتی ئیسلامی لە میدیا و پەیامدا کلیلی سەرکەوتنەکەیەتی. دەوڵەتی ئیسلامی لە 2013 لە  قاعیدە  جیابووەوە، زەمینەی داڕشت و هەم گۆڤاری ئۆنلاین و چاپکراوی بڵاوکردەوە وهەم گرتەی ڤیدیۆیی و هەروەها سۆشیال میدیای بەرهەم هێنا.
"لە هەر شوێنێک دۆزیتنەوە بیانکوژە"

لە مانگی یەکی ساڵی 2024دا ئەو گرووپە توندڕەوە هەڵمەتێکی گەرم کردەوە کە ئاراستەی لایەنگرانی بوو لە جیهاندا "لە هەر شوێنێک دۆزیتنەوە بیانکوژن" کە ئاماژەیە بۆ ئایەتێکی قورئان''.

بیرۆکەکە کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2015دا سەری هەڵدا، هاندانی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت شوێنکەوتوو بن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی جیهاد لە ناوخۆدا نەک گەشتکردن بۆ عێراق و سووریا. ئەم چەمکە کاتێک خەلافەت شکستی هێنا، گرنگتر بوو.

لەو ماوەیەی کە دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا و دواتر لە عێراق جێگەی خۆی گرتبوو تامەزرۆ بوو بۆ بەدەستهێنانی لایەنگرانی لە ڕۆژئاوا، بەناوبانگ بوو بە بڵاوکردنەوەی وێناکردنی ترسناکانەی توندوتیژی، وەک سەربڕینی ڕۆژنامەنووس جەیمس ڕایت فۆلی.

ئێستا پسپۆڕان دەڵێن ئاڵنگاری ترسناکتر ئەوەیە کە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا زۆربەی کارەکان و پەیامی دەوڵەتی ئیسلامی ئەنجام دەدەن، چونکە ئەو ئەلگۆرزیمانەی کە هەوڵی بەرزکردنەوەی بەشداریکردن دەدەن، هەندێک لە بەکارهێنەران قووڵتر و قووڵتر دەبەنە ناو جیهانبینی توندڕەو.

"ئیتر پێویست ناکات گرووپە تیرۆریستییەکان دنیایەک هەوڵ بدەن بۆ ڕادیکاڵکردنی خەڵک؛ ئەلگۆریزمەکە ئەوەیان بۆ دەکات" بەڕێز شیندلەر ئاماژەی بەوەش کردووە،"مەبەستی ئەلگۆرزیمەکە ئەوەیە کە بەکارهێنەر لەسەر پلاتفۆرمەکە بمێنێتەوە، چی پێخۆشە دەیدا پێی و ئەگەر بە ڕێکەوت ئەمە توندڕەوی ئیسلامی بێت یان ئەگەر لە پرۆسەی توندڕەوبووندا بیت، جیهانبینیت دەگۆڕێت".

لەسەر زەوی لە سووریا

لە سووریا کە دەوڵەتی ئیسلامی سوودی لە شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن وەرگرت بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی زۆری خاک، بەڵام لە کۆتاییدا هێزە کوردییەکانی پشتیوانیکراو لەلایەن  ئەمریکاوە لەدەستیان دەرهێنان، گرووپەکە دەستی کردووە بە سەرهەڵدانەوە و هێرشەکانی زیاتر بووە. ئەو ڕەوتە ڕەنگە بەردەوام بێت، چونکە ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمدا لەناکاو لەلایەن گروپێکی تری توندڕەو بە ناوی تەحریر شام کە سەردەمانێک پێوەندییان بە دەوڵەتی ئیسلامی و قاعیدەەوە هەبوو، ڕووخێنرا.

دۆخەکە هێشتا فشەڵە، بەڵام هەندێک لە شرۆڤەکاران ترسیان هەیە کە دەوڵەتی ئیسلامی لەناو ئەو ئاژاوەگێڕییەدا زەمینەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. هەواڵنامەکەی گرووپەکە بە شێوەیەکی بێبایەخ باسی تەحریر شام دەکات و دەڵێت "جیهادییەکان بوونەتە سیاسەتمەدار"، بەڵام داوای هێرشکردنە سەریان نەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، تەحریر شام و گرووپە یاخیبووەکانی دیکە دەڵێن پێویستە ڕۆڵی پاسەوانیکردنی زیندانییانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بگرنە ئەستۆ و ئەو کەمپانە بەڕێوە ببەن کە نزیکەی 40 هەزار چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی و ئەندامی خێزانەکانیان تێدایە - کارێک کە نزیکەی پێنج ساڵە لە لایەن هێزێکی بەرگری بە سەرکردایەتی کوردەکان بە پاڵپشتی ئەمەریکا ئیدارە دەکرێن.

زۆرێک لە شارەزایانی تیرۆر پرسیار دەکەن کە چۆن تەحریر شام کە سەردەمانێک پێوەندی بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە هەبوو بەڵام دواتر جیا بووەوە، چۆن ئەرکی سەرکوتکردنی دەوڵەتی ئیسلامی جێبەجێ بکات.

دەوڵەتی ئیسلامی لەم دواییانەدا هەڵمەتی ڕاگەیاندنی "دیوارەکان بشکێنن"ی نوێکردەوە، کە هانی چەکدارە زیندانیکراوەکان دەدات لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵبێن و بنەماڵەکانیان ئازاد بکەن. زلین گوتی ئەگەر ئەوە سەرکەوتوو بێت، ئەوە دەبێتە "کارەسات".

بە دواچونی ئەلیسا  روبین
سەرچاوە\وۆڵ ستریت جورناڵ 
وەرگێڕانی وشە



وشە - تایبه‌ت