ئەرمەنییەكان لە دهۆك ئاهەنگی لە دایكبوونی مەسیحیان گێڕا

:: PM:04:19:06/01/2025 ‌
ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی دووەم، سەتان ئەندامی كۆمەڵگەی ئەرمەنی لە كەنیسەیەكی ئەرمەنی ئۆرسۆدۆكس لە پارێزگای دهۆك، ئاهەنگی لەدایكبوونی عیسای مەسیحیان گێڕا.

یەروان ئەمینیان سەرۆكی كۆمەڵگەی ئەرمەنی ئۆرسۆدۆكس لە دهۆك ڕای گەیاند، ئەرمەنییەكان لە شەشی كانوونی دووەمی هەموو ساڵێك بەگوێرەی ڕۆژمێری كەنیسەی پەیامنێری ئەرمەنییەكان، یادی لەدایكبوونی عیسا دەكەن.

ئەمینیان گوتی، ئەم ئاهەنگە شاهیدی ئامادەبوونی سەتان ئەندامی كۆمەڵگەكەیە، تێكڕا ڕوو لە كەنیسەكان دەكەن بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ئاینی بۆ ئەم بۆنە پیرۆزە.

ئەمینیان ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵی 2003وە ڕەوشی ئەرمەنییەكان لە عێراق زۆر بەرەو خراپی چووە و ژمارەیان زۆر دابەزیوە.

پێشتر ژمارەی ئەرمەنییەكانی عێراق 20 هەزار كەس زیاتر بوو، بەڵام ئێستە ژمارەكە بۆ كەمتر لە 10 هەزار كەس دابەزیوە.

دووپاتی لەوە كردەوە كە لە شارەكانی وەك مووسڵ و بەغدا و بەسرە و كەركووك، ژمارەیان زۆر كەمە، لە مووسڵ لە چوار بۆ پێنج كەس تێپەڕ ناكات.

ئەمینیان ستایشی هەرێمی كوردستانی كرد كە بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ ئەرمەنییەكان و گشت شین و توێژەكانی تر، زۆرینەیان لە هەرێم كۆ بوونەتەوە بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك كە ناوەندێكی گرنگی كۆمەڵگەیە.

هەروەها خاتوو مانیا كە ژنێكی ئاوارەی ئەرمەنییە لە پارێزگای مووسڵ، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە بەشداریكردن لە ئاهەنگەكەدا، سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی پێیدا تێپەڕی.

مانیا بە "شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاند : "هیوادارم هەموو ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان و ئاسایش و ئاشتی لە عێراقدا بچەسپێت."

نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی كەمایەتییەكان دەبنەوە لە عێراق. ئاماژەی بە بەردەوامیی هەڕەشەكانی گرووپە چەكدارەكان كرد كە ڕێگرە لە سەقامگیری.



وشە - پێشەنگ قوشتەپەیی