گەشتیارێك لە گەلی عەلی بەگ هەڵدێرا و گیانی لە دەست دا

:: AM:09:20:07/01/2025 ‌
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ گەشتیارێكی عەرەب لە سنووری سۆران لە چیا دەڵدێرا، بەو هۆیەوە گیانی لە 
دەست دا.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی كانوونی دووەم،  كاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە رێگەی خەلیفان – بێخاڵ، ئەم بەیانییە پێوەندیمان پێوە كراوە بە بوونی رووداوی هەڵدێرانی گەشتیارێك كە دوو كەسی تریشی لەگەڵدا بووە.

زیاتر گوتی، گەشتیارەكە بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لە دەست داوە، ئێستەش بە چوار تیم خەریكی سەرخستنەوەی تەرمەكەین.

باسی لەوەش كرد، شوێنەكەی زۆر سەختە و كاتێكی زۆری دەوێت، هەروەها گەشتیارەكە جگە لە دوو هاوڕێی، كەسوكاری تریشی لەگەڵدایە.

ئەو گەشتیارە عەرەبە ناوی ( محەمەد ئەسعەدە ) خەڵکی شاری بەسرەیە و لە دایک بووی ساڵی 1991ـە، لەگەڵ دوو هاوڕێی بەیانیی ئەمڕۆ چۆتە سەر شاخ و لە ڕێگە لایداوە بەوهۆیەوە هەڵدێراوە.

رۆژی پێنجشەمی رابردووش حاڵەتێكی هەڵدێران لەو سنوورە هەبوو كە كەسێك گیانی لە دەست دا.


وشە - رامیار جەواد