چەوریی ناو سك كێشەیەكی رژدی ئەوانە كە ورگیان گەورە دەبێت و كاردانەوەی زیاتری لەسەر تەندروستی دەبێت و چەندان نەخۆشیی بەدواوە دەبێت، جیالەوەی جەستەی مرۆڤ دەشێوێنێت و كێشەی پۆشینی جلوبەرگیشی بۆ دروست دەكات. بۆیە پسپۆران چەندان ئامۆژگاری دەخەنە روو تا مرۆڤ بتوانێ لە چەوریی سك رزگاری ببێت.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، هەواڵێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و بەپێی زانیارییەكانی پسپۆرانی بواری خۆراك و تەندروستی، ئەوەی چەوریی ناو سك زیاتر دەكات، پێوەندیی بە خۆراكەوە هەیە بەتایبەتی كاربۆهیدرات و شەكر، لەگەڵیدا پێویستە ئەو خۆراكانە بخورێن كە پرۆتین و ریشاڵ و چەورییە تەندروستییەكان لەخۆ دەگرن تا ورگ داببەزێت، بۆیە چەندان ئامۆژگاری لەوبارەیەوە دەخەنە روو.
پسپۆران دەڵێن زێدەڕۆیی لە خواردن تەنانەت ئەگەر خۆراكە تەندروستییەكانیش بێت، بۆ جەستەی مرۆڤ زیانی هەیە و چەوریی ناو سك زیاتر دەكات، بۆیە دەڵێن هەر كاتێك لە خواردندا هەست بە تێربوون بكەن، هەوڵ مەدەن لەوە زیاتر بخۆن و نەكەونە ژێر كاریگەریی تام و چێژی خواردنەكە. هەروەها هەوڵی ئەوە بدەن رۆژانە ئاوی زۆرتر بخۆنەوە، بەجۆرێك كەمتر نەبێت لە هەشت تا 10 پەرداخ ئاو، بەتایبەتی بەیانیان بەرلە خواردن، هەوڵ بدەن پەرداخێك ئاو تێكەڵ بە لیمۆ بخۆنەوە.
لە ئامۆژگارییەكاندا ئەوەش هاتووە كە خەوتنی تەندروست لە بیر مەكەن، بەجۆرێك مرۆڤ شەوانە پێویستیی بە شەش تا هەشت سەعات خەوتن هەیە كە نابێ خەوتن لەو سەعاتانە كەمتر بێت، چونكە كاریگەریی دەخاتە سەر هۆرمۆنەكان و ویست بۆ خۆراك رادەگرێ كە رێگە نادات خواردنی زیاتر بخۆن.
ئەوەش دەڵێن، لەگەڵ ئەوانەیشدا بایەخی زیاتر بە راهێنانە ئاسانەكان بدەن وەك لە راهێنانە قورسەكان. چالاكیی جەستەیی زۆر پێویستە بۆ سووتاندنی چەوریی جەستە و بەتایبەتی چەوریی ناو سك، نموونەیان رۆیشتنە بە پێ و راكردن و لێخوڕینی پایسكل، مەلەكردن و راهێنانی سك، بەرزكردنەوەی هەردوو پێیەكان بۆ بەهێزكردنی سك، هەموو ئەوانە هۆكارن بۆ نەهێشتنی ورگی گەورە و چەوریی ناو سك.
باس لەوە دەكەن كە خواردنەوەی غازی هۆكارێكی ترە لە كۆكردنەوەی چەوریی ناو سك، بۆیە زۆر گرنگە لێیان دوور بكەونەوە یان بەلای كەمەوە زۆری لێ نەخۆنەوە. هاوكات خۆراكە دروستكراو و خێراكان كە چەوریی ناتەندروستییان تێدایە، هەروەها خوێ و شەكریش هۆكارن بۆ قەڵەوی و زیادبوونی چەوریی ناو سك، بۆیە لێیان دوور بكەونەوە.