بەهۆی نەناردنی پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، حكوومەتی هەرێم ناچار بوو لە تەواوی هەر 12 مانگەكەی ساڵی رابردوودا بەداهاتی ناوخۆ، ئەو بڕە پڕ بكاتەوە كە بەغدا دەبوو بینێرێت، بەڵام نەینارد.
بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" ئەو پارەی دەبوو بەغدا لە ماوەی 12 مانگدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بینێرێت، 11 تریلیۆن و 576 ملیار دینار بوو، بەڵام بەغدا ئەوەی تا ئێستە ناردوویەتی بریتییە لە 10 تریلیۆن و 752 ملیار دینارە، واتە 823 ملیار كورتهێنان هەبووە.
ئەوەی بەغدا لە پارەی مووچەی گێڕاوەتەوە و نەیناردووە، لە ماوەی یەك ساڵدا بریتییە لە 823 ملیار دینار، هەرێمی كوردستان ناچار بوو لەو داهاتەی لە ناوخۆ كۆی كردووەتەوە، 960 ملیار دیناری بۆ پڕكردنەوەی مووچە خەرج بكات.
بەپێی بەدواچوونەكانی "وشە"، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو تریلیۆن دینار بۆ خەرجییەكانی بەكاربردنی لە پڕۆژەكانی كوردستان خەرج كردووە. هاوكات حكوومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ 399 ملیاری بۆ بەغدا ناردووە.
مووچەكانی مانگی 11 دەبوو بەغدا یەك تریلیۆن بێت، بەڵام بەغدا 631 ملیاری ناردووە و كورتهێنانەكەی بەداهاتی ناوخۆ پڕ كرایەوە، لە مانگی 12 دەبوو بەغدا بڕی یەك تریلۆین بنێرێت، بەڵام 441 ملیاری ناردووە، دیسانەوە حكوومەتی هەرێم بەداهاتی ناوخۆ پڕی كردەوە.
هاوكات تا ئێستە لە داهاتی ناوخۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان 20 ملیاری دیناری بۆ مامۆستایان خەرج كردووە كە لەم ماوەیەدا بوونەتە گرێبەست، ئەو بڕیارەش لە پەرلەمانی عێراق بۆ هاوتاكردنی خانەنشینانی كوردستان و عێراق دەرچوو، بەغدا پارەكەی نەنارد و حكوومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ پارەكەی خەرج كردووە، ئەو بڕەش 60 ملیار دینار بوو.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی كە دەڵێن بەغدا بەهۆی كورتهێنانەوە و نەبوونی نەختینەوە پارەكەی نەناردووە، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی رای گەیاند، دەنگۆی نەمانی پارەی نەختینەی دوورە لە راستییەوە.
شەوی دووشەم شەشی كانوونی دووەم، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە داتا بڵاوی كردەوە، بودجەی كوردستان لە پشكی فیدراڵیدا بۆ ساڵی 2024 ،بریتی بوو لە 20 ترلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن دینار، بەڵام لە كۆی ئەم بڕە پارەیە، حكوومەتی فیدراڵ تەنیا 10 ترلیۆن دیناری ناردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی داوە، حكوومەتی فیدراڵ لە كۆی بودجەی فیدراڵدا تەنیا 6.4%ی بۆ كوردستان ناردووە، ئەمە لە كاتێكدایە بەگوێرەی یاسای بودجە، پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا %12.6ـە.