تەسكترین كۆڵان لە دنیادا تەنیا 40 سانتیمەترە

:: PM:12:21:07/01/2025 ‌
لەم دنیایەدا زۆرترین نهێنی و شتی شاراوەی سەیروسەمەرە دەردەكەون كە زۆربەیان چیرۆمی ناوازەیان لە دواوەیە. ئێستەیش باس لە كۆڵانێك دەكرێ كە لە دنیادا بە تەسكترین كۆڵان هەژمار دەكرێت، ئەویش كەوتووەتە ئیتاڵیا و بووەتە شوێنێكی شوێنەواری.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، رۆشنایی خستووەتە سەر ئەو كۆڵانە و چەندان وێنەی بڵاو كردووەتەوە، بۆ ئەوەیش ئاماژە دەدات كە هۆی دروستكردنی ئەو كۆڵانە تەسكە، چیرۆكی تایبەتی خۆی هەیە كە لە سەردەمی كۆن، دەسەڵات لەو وڵاتە بۆ خۆپاراستن لە دوژمن سوودی لێ بینیوە.

ئەو كۆڵانە كە پێگەكە بە "شەقام" ناوی بردووە و ناوی "رۆیتا"، پانییەكەی تەنیا 40 سانتیمەترە و كەوتووەتە ناوچەی ئەبرۆتسۆی ئیتاڵی، 80 كیلۆمەتر لە رۆمای ئەو وڵاتەوە دوورە، دروست كەوتووەتە دەروازەی قەڵای سیفیتیلا دێل ترۆنتۆ. دەگوترێ ئەو كۆڵانە نەك تەنیا لە ئیتاڵیا، بەڵكو لە تەواوی دنیادا تەسكترین كۆڵانە، بۆیە رۆژانە گەشتیاران سەردانی دەكەن و وێنەی تێدا دەگرن و وەك شەوێنێكی سەیروسەمەرە تەماشای دەكەن.

باس لەوەش دەكرێ كە كۆڵانەكە لە سەدەكانی ناوەڕاستدا دروست كراوە و بەجۆرێك دیزاین كراوە، ئەقڵی پێشكەوتووی ئەوكاتە دەردەخات كە لەڕووی سەربازییەوە دەسەڵاتی ئەوكات سوودی زۆری لێ بینیوە، چەندان جار دوژمن ویستوویەتی هێرش بۆ سەر قەڵاكە بكات، بەڵام ئەو كۆڵانە و شوێنەكەی، بەجۆرێكە پارێزگاریی لە قەڵاكە كردووە. لەو كۆڵانەوە چەندان بۆسە بۆ دوژمن دانراون و توانراوە هێرشەكانیان پووچەڵ بكەنەوە.

دواتریش پێگە میسرییە نووسیویەتی، بچووكیی شوێنەكە و تەسكیی كۆڵانەكە، هەڵگری چیرۆكێكی ناوازەیە كە ئەقڵێكی ستراتیجیی لە پشت بووە. دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیش وەك شوێنەوار بایەخی پێ دەدات و بەردەوام لە نۆژەنكردنەوەی رێگە نادات تێكبچێت.

ئەهرام
https://gate.ahram.org.eg/News/5069342.aspx
وشە- وشیار ئەحمەد ئەسوەد




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د