لە ماوەی دوایی قسە و باس لەسەر سەرهەڵدان و تەشەنەكردنی ڤایرۆسێكی تر لە چین بە هاوشێوەی كۆرۆنا كرا، ئەو ڤایرۆسە نیشانەكانی هاوشێوەی كۆرۆنایە و چارەسەریشی نییە، زیاتر تووشی منداڵ و بەتەمەنداچوو و كەسانی سیستمی بەرگری لاواز و نەخۆشانی درێژخایەن دەبێت، چین رێوشوێنی خۆپارێزی وەرگرتووە و وڵاتانی ناوچەكەی بە هەمان شێوە، بەڕێوەبەرێكی گشتیی تەندروستی لە بەغدا دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستە ڤایرۆسەكە نەگەیشتووەتە عێراق.
ڤایرۆسەكە ناوی
"HMPV" و تووشی بەشی خوارەوەی كۆئەندامی هەناسە دەبێت و نیشانەكانی هاوشێوەی ئینفلەوەنزا و كۆرۆنایە، زیاتر مەترسی لەسەر منداڵ دروست دەكات، بەتایبەتی ئەوانەی كێشەی رەبو یان هەناسەتەنگییان هەیە، تا ئێستە بەو هۆیەوە دەیان منداڵ رەوانەی نەخۆشخانە كراون، زانایان لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە وریایی دەدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسەكە نوێ نییە زانیارییان لەبارەوە هەیە و رەنگە بەمنزیكانە ڤاكسین لە دژی ڤایرۆسەكە بەرهەم بێت.
ریاز عەبدولئەمیر حلفی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، لە چوارچێوەی پشكنینەكانی تاقیگەی ناوەندیی تەندروستییەوە، تا ئێستە ئەو ڤایرۆسە لە عێراق تۆمار نەكراوە، هاوكات تا ئێستە هیچ وریاییەكمان لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بەدەست نەگەیشتووە.
روونی كردەوە، بەڵام پێویستە رێوشوێن و خۆپارێزی پێڕەو بكرێت، لەوانە بەستنی ماسك لەناو قەرەباڵغی و شووشتنی بەردەوامی دەست و خۆپاراستن لە شوێنە قەرەباڵغ و داخراوەكان و لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكان سەردانی دامەزراوە تەندروستییەكان بكرێت، راستە بەهۆی وەرزی سەرماوە حاڵەتەكانی ئینفلەوەنزای وەرزی لە عێراق زیادی كردووە، بەڵام هیچ حاڵەتێكی ئەو ڤایرۆسە نوێیە تۆمار نەكراوە.
نیشانەكانی ئەو ڤایرۆسە نوێیە بریتییە لە تا و سەرئێشە و كۆكە و هاتنەخوارەوەی شلەی لووت و سوورهەڵگەڕانی چاو، زۆرینەی حاڵەتەكان سووكن، بەڵام خێرا بڵاو دەبێتەوە و منداڵ و ئەوانەی بەرگریی لەشیان لاوازە و بەتەمەنداچووەكان پێویستیان بە نەخۆشخانە دەبێت، مرۆڤ تووشی هەوكردنی قورسی سییەكان دەكات، ئەوەی باشە ئەو نەخۆشە وەك كۆرۆنا نوێ نییە و 25 ساڵە هەیە، نەخۆشییەكی وەرزییە و لە زستان و سەرەتای بەهار سەر هەڵدەدات.