شیر بۆ پەتای وەرزی باشە یان نا؟

:: PM:09:04:07/01/2025 ‌
زۆرێك پێیان وایە خواردنەوەی شیر لە كاتی سەرمادا، کاریگەرییەکانى بۆ تووشبوون بە پەتای وەرزی خراپترن وەك ئەوەی باس دەكرێت كە هۆكارێكە بۆ چارەسەری.

بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەكانی ئەم دواییە، پێدەچێت ئەم باوەڕە پێوەندیی بە هەستی كەسییەوە هەبێت، نەك كاریگەرییەكی ڕاستەقینە لەسەر لەشی مرۆڤ.

گیرانی لووت کە بە گیرانی ڕێڕەوی لووت پێناسە دەكرێت، دەبێتە هۆی نەڕۆیشتنی هەوای پێویست لە ڕێگەی لووتەوە بەهۆی ئاوسانی پەردەی ناوپۆش، كە لە ئەنجامی هەوكردنی خوێنبەرەكانی ناو لووتدا دروست دەبێت.

"د.جولی بۆن" لە كلینیكی مایۆ دەڵێت "خواردنەوەی شیر نابێتە هۆی زیادبوونی گیرانی لووت". ئەو دووپاتی كردەوە، ئەستوور بوونی ناوەوەی بە شێوەیەكی سروشتی لە كاتی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسەدان ڕوودەدات، ئەم پرۆسەیەش كاریگەریی خواردنی شیری لەسەر نییە.

سەرەڕای ئەمەش هێشتا لێكۆڵینەوە لەم بوارەدا مشتومڕی لەسەرە، توێژینەوەیەك كە لە ساڵی 2019 لە گۆڤاری كتێبخانەی نیشتمانیی پزیشكی بڵاو كراوەتەوە، دەری خستووە كە ڕەنگە هەندێك كەس دوای خواردنی بەرهەمە شیرەمەنییەكان، تووشی زیادبوونی گیرانی لووت ببن.

بەڵام توێژینەوەكانی پێشوو هیچ پێوەندییەكی ڕاستەوخۆیان لە نێوان شیر و زیاد بوونی گیرانی لووتدا، نە لە كەسانی تەندروست و نە لە كەسانی تووشبوو بە هەوكردنی كۆئەندامی هەناسەدان نەدۆزیوەتەوە.

ئەگەر نیگەرانیت هەیە سەبارەت بە كاریگەریی شیرەمەنی لەسەر گیرانی لووت، دەتوانیت چاودێریی نیشانەكانت بكەیت یان ڕاوێژ بە دابینكەری چاودێری تەندروستی بكەیت، بۆ ئەوەی بزانیت ئایا خۆبەدوورگرتن لە شیرەمەنی ڕەنگە سوودی هەبێت یان نا.

بۆ ئەوانەی بەدەست سەرمابوون یان ئازاری قوڕگەوە دەناڵێنن، ڕەنگە شیر هەندێك سوودی هەبێت، وەك دكتۆر بۆن دەڵێت، شیر كە پێكهاتەیەكی نەرم بێت دەتوانێت یارمەتیی هێوركردنەوەی شانەكانی قوڕگی تووڕەكراو بدات، لە كاتێكدا ناوەڕۆكی خۆراكی پاڵپشتی لەش دەكات لە كاتی نەخۆشیدا.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم