ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند بۆ ''وشه'' كوڵی دڵیان هه‌ڵده‌ڕێژن و باس له ئه‌زموونی هونه‌ری و ژیانی تایبه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن. ددان به‌وه‌دا ده‌نێن كه له هه‌ندێك كرده‌وه په‌شیمانن و ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن بگه‌ڕێته‌وه دووباره‌ی ناكه‌نه‌وه. ژماره‌یه‌ك له‌و هونه‌رمه‌ندانه ته‌نانه‌ت له‌وه په‌شیمانن روویان له كاری هونه‌ری كردووه.
هۆگر ته‌نیا كه‌ریم گۆرانیبێژێكی دیاری شاری هه‌ولێره و خاوه‌ن چه‌ند به‌رهه‌مێكی تایبه‌ت به خۆیه‌تی و حه‌ز به تێكه‌ڵبوون و هاوڕێیه‌تی كه‌سانی باش ده‌كات، ئه‌و له تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك مرۆڤی دووڕوو و درۆزن په‌شیمانه، بۆیه ده‌ڵێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌ز ناكه‌م تێكه‌ڵاوی ئه‌و مرۆڤانه بكه‌مه‌وه، چونكه له دنیای خراپه‌كاریدا ده‌ژین .
بێستوون كوردستانی گۆرانیبێژه و خاوه‌ن چه‌ند به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی جوانه و ئێسته‌یش كه چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك گۆرانییه‌كانی ئه‌و ده‌ڵێنه‌وه، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت په‌شیمانم له‌وه‌ی كه گۆرانیبێژم، چونكه له وڵاتی ئێمه هونه‌رمه‌ند هیچ رێزێكی بۆ دانه‌نراوه، ئه‌وه چوار ساڵه ئه‌لبوومێكم به ته‌واوی پێ ناكرێت له‌به‌ر باری دارایی، له‌به‌رئه‌وه‌یه دڵم به هونه‌ره‌كه‌م خۆش نییه و لێی په‌شیمانم، بۆ هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكیش وه‌ك یه‌ك نییه .
ئه‌و ده‌ڵێ، ''هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند به ناو هونه‌رمه‌ندن كه هه‌موو گۆرانیی من و چه‌ند گۆرانیبێژێكی تر ده‌ڵێنه‌وه. ئاماژه به‌وه ناكات كه گۆرانییه‌كه هی منه، جگه له‌وه‌ش له لایه‌نی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بۆیان خه‌رج ده‌كرێت.''
كانی كامه‌ران شێوه‌كاری لاو خه‌ڵكی چۆمانه و ئێسته بۆ خوێندن له هه‌ولێره و قوتابیی كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كانه له قۆناغی چواره‌م، تا ئێسته كاره‌كانی به شێوازێكی كوالێتی و سه‌رده‌میانه پێشكه‌شی بینه‌رانی كردووه و كاره‌كانی جێگه‌ی سه‌رنج و خواستی خه‌ڵك بووه، له‌م راپۆرته‌دا جیا له هونه‌رمه‌نده‌كانی تر ده‌ڵێت، "هه‌موو شتێك بۆ من ئه‌زموونێك بووه جا ئه‌گه‌ر له كاتی خۆیدا هاتبێت یان نا، به‌ڵام بێگومان زۆرجاریش شتانێك هه‌ن حه‌سره‌ت ده‌خه‌نه دڵی مرۆڤه‌وه و به‌به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵی ده‌بن.
ئه‌وه‌شی گوت، من ئه‌وكاته‌ی كه قوتابی بووم له پۆلی نۆیه‌می ناوه‌ندی، زۆر حه‌زم ده‌كرد دوای ئه‌م قۆناغه بڕۆمه په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان، به‌ڵام كاتێك خێزانه‌كه‌م زانیان كه نمره‌یه‌كی باشم هێناوه، رێگر بوون به‌هۆی هاتوچۆكردن و دووریی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان لێمانه‌وه، دوای ئه‌م قۆناغه له‌لای خۆم قبووڵكردنی ئه‌م بارودۆخه سه‌خت بوو، چونكه هه‌موو ئه‌و خه‌ون و ئاواته‌ی له‌و كاته‌دا هه‌مبوو ته‌نیا ده‌مویست بڕۆمه په‌یمانگه و له‌وێ په‌ره به‌تواناكانم بده‌م، به‌ڵام به‌هۆی هاتوچۆكردن و رێگریی ماڵه‌وه نه‌متوانی ماوه‌ی خوێندنم ته‌واو بكه‌م. تا پۆلی 12 له قوتابخانه به‌ڕێم كرد، هه‌رچه‌نده له‌وكاته‌دا زۆرینه‌ی جاره‌كان به‌شاراوه‌یی وێنه‌م ده‌كێشا و كه‌متر ده‌رمده‌بڕی كه له وێنه‌كێشاندا باشم، هه‌موو كتێبه‌كانی ئه‌وسام پڕ بوو له‌و وێنانه‌ی له‌كاتی وانه‌خوێندن و بێزاری ده‌مكێشا، بۆیه كاتێك نه‌متوانی بچمه په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان، ئه‌مه بووه‌ته حه‌سره‌تێكی ناخۆش.
زیاتر گوتی، كاتێك دێته‌وه بیرم خۆزگه ده‌خوازم رێگه هه‌رچه‌ند دوور بوایه و ئه‌و جه‌نگه‌ی من لێی ده‌ترسام بمكردایه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه منێكی به‌هێزی دروست كرد و ئێسته زیاتر و قووڵتر به‌هۆی ئه‌مه خۆم له هونه‌ردا ده‌بینمه‌وه، خه‌ستتر هه‌وڵ بده‌م ئه‌زموونی هونه‌ری بكه‌م، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا وه‌ك حه‌سره‌تێك له دڵمدا ماوه‌ته‌وه، بۆیه ئومێد ده‌كه‌م رۆژێك بتوانم ئه‌گه‌ر له په‌یمانگاش قوتابی نه‌بووم، بتوانم وه‌ك مامۆستایه‌ك له‌وێ خزمه‌ت بكه‌م .
گۆرانیبێژ هه‌ڤاڵ زاخۆیی كه له زاخۆ له دایك بووه و ئێسته‌ش له شاری سلێمانی نیشته‌جێیه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌هۆی ناوبانگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه لای خه‌ڵك خۆشه‌ویسته و خۆشیان ده‌وێت. ئه‌و ده‌ڵێت "من بۆ هه‌موو كه‌سێك باشم و حه‌ز به هاوكاری و پاڵپشتی كه‌سه نزیكه‌كان ده‌كه‌م، ده‌مه‌وێت هاوكار بم بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێویستیان به هاوكاریی منه، به‌ڵام حه‌زیش ده‌كه‌م پێی بزانن، به‌ڵام كاردانه‌وه‌یان باش ده‌رناچێت، رێزم هه‌یه بۆ كه‌سه باش و به‌وه‌فاكان، كه‌سانی خۆشه‌ویست و به‌وه‌فام ناسیوه كه جێگه‌ی شانازی منن، به‌ڵام له ناسینی هه‌ندێك په‌شیمانم كه تێكه‌ڵاویان بووم، چونكه بۆ زۆریان باش بووم، به‌ڵام ئه‌وان وانه‌بوون، بۆیه ده‌ڵێم زۆر په‌شیمانم له هاوڕێیه‌تی هه‌ندێك كه‌س".
هاناو باقی گۆرانیبێژێكی خه‌ڵكی هه‌ورامانی مه‌ریوانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه، چه‌ند ساڵێكه خه‌ریكی كاری هونه‌ری و گوتنی گۆرانییه، ئه‌و له‌م راپۆرته‌دا به‌هه‌مانشێوه‌ی هونه‌رمه‌نده‌كانی تر، په‌شیمانیی خۆی ده‌ربڕی و گوتی، ''په‌شیمانم كه ساڵانێكه له بواری هونه‌ریدا كار ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها له متمانه‌كردن به كه‌سانێك په‌شیمانم كه ئه‌وه‌ش له ساده‌یی خۆم رووی داوه متمانه به هه‌موو كه‌سێك بكه‌م به‌تایبه‌ت له كاری هونه‌ری، بۆیه ده‌بێت زۆر شاره‌زا و وریای خۆت بیت، ئه‌گه‌ر كاتیش بۆم بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌م ئه‌قڵ و ئه‌م توانایه‌ی ئێسته هه‌مه، هیچ كات متمانه به قسه‌ی هه‌موو كه‌سێك ناكه‌م.
هه‌ولێر\ ئه‌حمه‌د تاریق