كانی: ئەوەی بەبیانووی هونەرەوە ئێستە هەیە لەشفرۆشییە

:: PM:01:45:08/01/2025 ‌
ژنە هونەرمەندێكی دیاری كورد رای گەیاند، ئەوەی ئێستە هەیە بە بیانووى هونەرەوە، لەشفرۆشییە.

كانی هونەرمەندێكی دیار و رەسەن و گرنگی پانتایی هونەری كوردییە، لە تازەترین نووسینیدا بەناوی "مۆد مۆدی لەشفرۆشە" لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردەوە ، ئەمەی ئێستە هەیە سووكایەتییە بەهونەر.

كانی دەڵێت: ئەوەی لە وڵاتی مندا دەگوزەرێ، لە هیچ جێیەكی دنیادا جێگەی نابێتەوە و ڕێپێدراو نییە، مەبەستم لەشفرۆشی نییە، بەڵكو بە بیانووی هونەرەوە لەشفرۆشیكردن و كەمكردنەوەی ئاستی هونەرە.

كانی باسی لەوەش كردووە، ئەمە سووكایەتی پێكردنی ئەدەب و پەروەردەیە، سووكایەتیكردنە بە زمانی دایك،  سووكایەتیكردن بە بەهاكانی مرۆڤ، ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێ تەنانەت سووكایەتیكردنە بە خوێنی شەهیدان و سووكایەتیكردنە بە كەسوكاری ئەنفالكراوان.

كانی لە گوتارەكەیدا ئەوەشی گوتووە، بوونی ئەم گرووپانەی لە بازاڕەكە رەواجیان پێدەدرێت، كاریگەرییان تەنانەت لەسەر سروشتی ژنبوون دروست كردووە، ژنەكانی وڵاتی من چێژی ژنبوون نابەن،  نە ژنێ دەخوازێ منداڵیك  بە سروشتی بهێنێتە دنیاوە و چێژی بوون ببات، نە ژنێك دەخوازێ شیر بدا بە كۆرپەكەی و چێژی شیرینی ئەو كاتانە ببات و نە ژنێكیش دەزانێ پڕ بە دڵ و هەستی قووڵی بونییەوە پیاوێك لە ئامێز بگرێ..

كانی لە كۆتایدا شیعرێكی قانعی لەگەڵ گوتارەكەیدا داناوە كە دەڵێت:
بێ حەیایی باوە ئەمڕۆ قوڕ بەسەرداكا حەیا
كەندەڵان سەربەرز و شادە خۆی بشارێتۆ چیا
گوڵ ئەگەر ئەقڵی ببێ سەر لە خاك ناكاتە دەر
چونكە ڕۆژی دڕك و داڵەو گەرمی بازاڕی گیا
با لە هەورا سەرنقوم بن مانگ یان خۆری جوان 
شەمشەمەكوێرەش ئەڵێ من نامەوێ شوعلەی چیا
ئەی فەلەك ڕاستۆ نەبی بۆ ڕێك و پێكی دەورەكەت 
گورگ ئەبێتە شوانی ڕان و دز دەبێتە ئەولیا
نێرەگا جوتێ ئەبەیتە ڕیزی لوقمانی حەكیم
فەیلەسوفێكیش ئەخەیتە دەس چەپۆكی ئەشقیا



وشە - سۆران عەزیز