ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

:: PM:05:47:08/01/2025 ‌
بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە سەردانی شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنكەرەی پایتەختی توركیا و دیدار و كۆبوونەوەكان لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا و بەرپرسانی باڵای تری ئەو وڵاتە كرد و ڕوونی كردەوە كە لەكۆبوونەوەكاندا، جیا لە پەرەپێدانی پێوەندیی دوو لایەنە، دووپات لە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ كرایەوە، بە تایبەتی نەهێشتنی بەربەستەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە زووترین كاتدا. هەروەها لە بارەی پەرەسەندنەكانی دۆخی گشتی سووریاش، دووپات لە پاراستنی مافی گشت پێكهاتەكان و ئاشتی و ئارامیی ئەو وڵاتە كرایەوە.

لە بڕگەی یەكەمدا، لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران زانیاریی لە بارەی بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 خرایە ڕوو، كە پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم زانیارییانەی لە چوارچێوەی ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ڕای گشتی خستبووە ڕوو، بەوەی سەرەڕای مافی دەستووریی و بوونی تەرخانكراو لەناو خشتەكانی یاسای بودجەی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجكردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق و بە دوورگرتنی لە هەر ناكۆكیی و كێشەیەك نێوان هەردوولا، سەرەڕای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2024، بەڵام حكوومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجكردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كە لە كۆی تەرخانكراوی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەكانی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ كە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنیا بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرج كردووە، بۆیە حكوومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجكردووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵیی لە داهاتیی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەكاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان خەرجكراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەكی تری هەرێمی خەرج نەكردووە لە تەرخانكراوەكانی تری هەرێم وەك بودجەی بەكاربردن و بودجەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان.

دواتر لە لایەن عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون، ڕاپۆرتێك لەبارەی ئیعتمادكردنی ژمارەی كەسیی بێهاوتای پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییە داواكراوەكان بۆ بەغدا خستە ڕوو، كە بەم هەنگاوەش، كۆتایی بە بیانووی حكوومەتی فیدڕاڵ دێت سەبارەت بە بابەتی ژمارەی وەزیفیی.

 لەمبارەیەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری كرد لە ئامادەكردنی سیستەمی پەیڕۆڵ و ژمارەی وەزیفی مووچەخۆران.

بڕگەی كۆتایی كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پڕۆژە سیستمی پەیڕۆڵ) كە قۆناخێكی پڕۆژەی بایۆمەترییە و ڕۆڵی وەزارەتەكان و یەكە ژمێریارییەكانیان لە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كە لە سەرەتای ساڵی 2025 ەوە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەكی ئەلكترۆنی ئامادە دەكرێت و بە بێ كەم وكوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ دەكرێت.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەرك و پابەندییەكانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ كردووە و لە هەوڵەكانیشی لە گەڵ حكوومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حكوومەتی فیدراڵ تەواوكاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، كە بەداخەوە بەهۆی ڕێكارەكانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستە لە مانگی 1ی ساڵی2025ین و مووچەخۆرانی ناوچەكانی تری عێراق، مووچەی مانگی 12 یان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، وەریان نەگرتووە، لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەكانی پێوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەكانی مووچەی چارەسەركردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەكەشی بە تەواوی و بە بێ كەموكوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم