بە ڤیدیۆ.. پۆلیسی هەولێر باندێكی پێنج كەسی گرت كە ماتۆرسكیلیان دزیوە و مادەی هۆشبەریان كێشاوە

:: PM:09:02:08/01/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بڵاوی كردەوە، باندێكی پێنج كەسییان گرتووە خەریكی دزینی ماتۆرسكیل و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بوون و یەكێك لەو پێنجەش ئافرەت بووە. 

ئەمشەو چوارشەم هەشتی كانوونی دووەمی 2025، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، پۆلیسی پارێزگای هەولێر، باندێکی پێنج کەسی بە ناوەکانی (ا.ح.ص) و (ا.ح.م) و (ا.م.ر) و (د.م.ح) و (ش.ع.خ) بە تۆمەتی دزینی ماتۆرسکیل و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر گرت.

پۆلیس روونی كردووەتەوە تۆمەتبارانی ئاماژەپێکراو، کە چواریان پیاو و یەکێکیان ئافرەتە و دانیشتووی هەولێرن و ددانیان نا بە تاوانەکەیاندا.

زیاتر هاتووە، ئەو پارەیەی لە دزینی ماتۆرسکیل دەستیان کەوتووە، لە مادەی هۆشبەر و کاری خراپ بەکاریان هێناوە، هەروەها لە کاتی گرتنیشیاندا، ددانیان بەوە دانا کە تۆمەتبارە ئافرەتەکەیان لەناو کابینەیەکدا جێهێشتبوو و دەرگاشیان لەسەر داخستبوو، هەر بۆیە پۆلیس بەزوویی چووە شوێنی مەبەست و ئافرەتەکەشی ڕزگار کرد.

پۆلیس ئاماژەی داوە، لە کاتی ئێستەدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ سەرجەم تۆمەتبارەکان ڕێکخراوە و ڕادەستی دادگا کراون، هاوكات دڵنیاییشی داوە "هاووڵاتییانیش دڵنیا دەکەینەوە، کەوا تۆمەتباران لە دەستی یاسا دەربازیان نابێت و دەدرێنە دادگا".




وشە - پۆڵا مەحموود