تا كۆتایی مانگ سێ شەپۆلی باران بەڕێوەیە

:: PM:09:30:08/01/2025 ‌
شارەزایەكی كەشناسیی عێراقی پێشبینییەكانی خۆی بڵاو كردەوە و بەپێی پێشبینیەكانی كەشناسەكە، تا كۆتایی ئەم مانگە سێ شەپۆلی باران تەواوی شارەكانی عێراق دەگرێتەوە، شەپۆلی سێیەمیش كە دوا شەپۆلی مانگەكەیە بەهێزترینی دەبێت و چەند رۆژێك بەردەوامیی دەبێت. 

ئەمشەو چوارشەم هەشتی كانوونی دووەمی 2025، عەلی زیادی شارەزای كەشناسیی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ میدیایەكی عێراقی رای گەیاندووە، چەند شەپۆلێكی باراناوی بۆ ئەم مانگە كاریگەرییەكانی دەركەوتوون و یەكەمیان لە شەمووی هەفتەی ئایندەیە و دوو رۆژ باران دەبارێت، لەبارەی هێزی شەپۆلەكەشەوە ئاماژەی داوە، لە نێوان مامناوەند بۆ بارانی بەلێزمە دەبێت لە هەندێك ناوچەدا. 

زیادی ئەوەیشی گوتووە، لە 16ی ئەم مانگەوە شەپۆلی دووەم لە هەندێك ناوچە كاریگەر دەبێت، بەڵام بارانەكە لە تەواوی عێراق نابارێت و هەندێك ناوچەی دەگرێتەوە، هاوكات لە 20ی مانگ شەپۆلی سێیەمی باران تەواوی عێراق دەگرێتەوە و بارانی بەلێزمەی لەگەڵ دەبێت و پلەكانی گەرمایش دادەبەزن.


وشە - پۆڵا مەحموود