لە دهۆك جۆرە گۆزەیەكی تەمەن هەشت هەزار ساڵ دۆزرایەوە

:: AM:10:03:09/01/2025 ‌
بەپێی دواین ئەنجامەكانی كاركردن لە هەردوو پڕۆژەی شوێنەواری لە (گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان) لە سنووری شارەدێی ڕۆڤیا لە پارێزگای دهۆك، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و هەروەها جۆرە گۆزەیەك دۆزرایەوە كە تەمەنی بۆ حەوت تا هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە.

پڕۆژەی هەڵكۆڵین لە شوێنەواری گرێ ئاسنگەران، بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری سەربە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی جێبەجێ دەكرێت، بەپێی گرێبەستێك كار لە هەردوو شوێنەواری گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان لە پارێزگای دهۆكدا دەكەن.

شوێنەوارناسانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی، دوای كاركردنیان لە پڕۆژەی كانی ئەسپەهان، جۆرە گۆزەیەك بۆ بەكارهێنان و خاوێنكردنەوەی "گەنم"یان دۆزییەوە كە تەمەنی ئەو گۆزەیە بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە. هەروەها لە پڕۆژەی شوێنەواری "گرێ ئاسنگەران" دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرانەوە كە شێوەیان لاكێشەییە و لە كەرپووچ و لەسەر بەرزایی گردەكە دروست كراون. بەپێی توێژینەوەكان، ئەو ژوورانە هی كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەكە بوونە.

بەپێی ئەو توێژینەوە شوێنەوارییانەی بۆ هەردوو پڕۆژەكە كراون، ئەو دۆزینەوانە ئەوە دەسەلمێنن كە هەزاران ساڵ پێش ئێستە، ژیانی مرۆڤ لەو سنوورەدا هەبووە و بەردەوام گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی كشتوكاڵییەوە بۆ كۆمەڵگەی كۆمەڵایەتی و دواتر بەرەو پەرەسەندنی زیاتر و مۆدێرن و بەردەوامبوونی ژیان لە سنوورەكەدا.



وشە - رامیار جەواد