پاسپۆرتی عێراق سێیەم خراپترینە لە دنیا

:: PM:06:54:09/01/2025 ‌

بەهێزیی پاسپۆرتی هەر وڵاتێك بەرجەستەی هێزی سیاسی و ئابووری و پێگەی ئەو وڵاتە دەكات، پۆلێنی بەهێزیی پاسپۆرتی وڵاتان دەوەستێتە سەر چەند خاڵێك، بەپێی پۆلێنێكی پاسپۆرتەكان، عێراق سێیەم خراپترین پاسپۆرتە لە دنیا لە دوای ئەفغانستان و سووریا.

بەپێی پێوەری "هێنلی" بۆ پاسپۆرتەكان، پاسپۆرتی عێراق سێیەم خراپترینە لە دنیا و لە پلەی 104 دێت، دەتوانێت بێ وەرگرتنی پێشوەختی ڤیزە بۆ 31 شوێنی دنیا گەشت بكات لە كۆی 227 شوێن. 

لە پۆلێنەكە سەنگاپوور لە سەرووی لیستەكەیە وەك بەهێزترین پاسپۆرت لە دنیا، هەڵگری ئەو پاسپۆرتە دەتوانێت بێ وەرگرتنی ڤیزە گەشت بۆ 195 شوێن بكات، دوای ئەو پاسپۆرتی ژاپۆنە و هەڵگرانی دەتوانن گەشت بۆ 193 شوێن بكەن، ئینجا هەریەك لە فڕەنسا و ئەلمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و فنلەندا و كۆریای باشوور لە پلەی سێیەم دەتوانن گەشت بۆ 192 شوێن بكەن.

لە پلەی چوارەم نەمسا و دانیمارك و ئێرلەندا و لۆكسمبۆرگ و هۆڵەندا و نەرویج و سوید دێن، دەتوانن گەشت بۆ 191 شوێن بكەن، پێنجەم بەلجیكا و نیوزلەندا و پورتوگال و سویسرا و بەریتانیا دەتوانن گەیشت بۆ 190 شوێن بكەن، هەر لەو پۆلێنە ئەفغانستان لە پلەی 106 و دوایینە و هەڵگرانی پاسپۆرتەكە دەتوانن گەیشت بۆ 26 شوێن بكەن و دوای ئەو سووریا لە پلەی 105 و دەتوانن گەیشت بۆ 27 شوێن بكەن ئینجا عێراق لە پلەی 106 و هەڵگرانی پاسپۆرتەكە دەتوانن بێ ڤیزە گەشت بۆ 31 شوێن بكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل