یەكخستنی میلیشیاكان لەگەڵ هێزە تەناهییەكانی عێراق دەست پێ دەكات

:: PM:09:56:09/01/2025 ‌

دوای ئەو گوشارە گەورەی خرایە سەر حكوومەتی عێراق بۆ نەهێشتنی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران و داماڵینی چەكەكانیان و یەكخستنیان لەگەڵ هێزە تەناهییە فەرمییەكان، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو جموجۆڵێكی دیار هەبوو، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی بەغدای كرد و دوێنێش سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی كرد، سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد كە رێوشوێنەكانی یەكخستنی میلیشیاكان لەگەڵ هێزە تەناهییەكان دەستی پێ كردووە.

بەپێی سەرچاوەكە پرۆسەی یەكخستنی میلیشیاكان لەگەڵ هێزە تەناهییەكانی عێراق دەستی پێ كردووە و گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمەكانی ئەو هەنگاوە كراوە، بەتایبەتی میلیشیاكانی نوجەبا و سەید شوهەدا و كەتیبەكانی حزبوڵا، كە لە ریزی پێشەوەی بەناو بەرەی بەرگریكاری لە عێراق دادەنرێن.

روونی كردەوە، لە مەرجەكانی یەكخستنی ئەو میلیشیایانە، پایەندی بڕیارەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بن و ددان بە بارەگە و چەكەكانیان دابنرێت، بزاوی نوجەبا وەك سەرەتا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە بۆ ئەو هەنگاوە و ئێستە گفتوگۆ لەوبارەوە دەكرێت، كاریش لەسەر میلیشیاكانی تر دەكرێت بۆ یەكخستنی ئەوانیش لەگەڵ هێزە تەناهییەكان.

دووشەمی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ میلیشیاكان كۆبووەوە، جیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كە رای گەیاند ئێران لاری لەسەر بڕیارەكانی عێراق سەبارەت بە دواڕۆژی میلیشیاكان نییە و پێویستە ئەوان پابەندی هەر بڕیارێك بن كە حكوومەتی عێراق لەبارەیانەوە دەیدات، ئەوە لەوكاتەی ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە 13ی كانوونی یەكەمی رابردوو گەیشتە بەغدا و چەند پەیامێكی ئەمەریكای بە عێراق گەیاند، لەوانە دەستوەرنەدان لە كاروباری سووریا و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەكان و هێشتنەوەی چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل