دوای ئەوەی هاوسەرۆكی شارەوانییەكانی دەستبەسەركرد، پۆلیسی توركیا گەمارۆی شارەوانی ئاكدەنیزی دا و ڕایانگەیاند، قەیووم لە شارەوانییەكە دانراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی توركیا هەڵیكوتایەسەر ماڵی هاوسەرۆكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی ئاكدەنیزی سەربە مێرسین و دەستبەسەریان كردن، پاشان گەمارۆی شارەوانییەكەی دا.
پۆلیس هەڵیكوتایەسەر هەریەكە لە هۆشیار ساریلدز و نووریە ئارسلان، هاوسەرۆكانی شارەوانی ئاكدەنیز لە پشكی دەم پارتی، هەروەها هەریەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكە، ئۆزگور چاگلار، حیكمەت باقرخان و نەسلیهان ئۆروچ، هێشتا هۆكاری هەڵكوتانەسەر ئەو ماڵانەوە و دەستبەسەركردنی ئەو كەسانە نەزاندراوە.
دوای هەڵكوتانەكە، پۆلیس گەمارۆی باڵەخانەی شارەوانیی ئاكدەنیزی دا.
لە بارەی هەڵكوتان و گەمارۆكەی پۆلیسەوە، عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری دەم پارتی، كە نەیانهێشت بچێتە ناو شارەوانییەكەوە ڕایگەیاند، پۆلیسەكان نەیانهێشت بچینە ناو شارەوانییەكەوە و وتیان كە قەیووم بڕیاری قەدەغەی داوە، قەیووم لە شارەوانیی ئاكدەنیز دانراوە.
ئەو ئەندام پەرلەمانە وتیشی: قەیووم دزینی ئیرادەیە، ئێمە بڕیاری دانانی قەیووم قەبوڵ ناكەین.
ب. جـ