ئاشكرا بوو كڵاوەكەی جەواهیری دیاری مام جەلال نەبوو دەڵێت: بەرێككەوت كڕیم

:: AM:10:15:10/01/2025 ‌
لە ڤیدیۆیەكدا كە لەم ماوەدا لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، جەواهیری باس لەو كڵاوە دەكات كە ماوەیەكی زۆر لەسەریدا بووە و لێی نوسراوە "قلبی لكردستان"، جەواهیری دەڵێت: بەرێككەوت بوو، لە سۆڤییەت لە كەسێكم كڕێ ئازەرباینجانی بوو.

لە ساڵانی رابردوودا چەندانجار وا باس كرا كە ئەو كڵاوەی سەری جەواهیری شاعیری دیاری عێراقی، دیاری سەركردەیەكی كوردە و ئەویش كوردستانی خۆش ویستووە و هەمیشە وەك رێزێك بۆ كوردستان كڵاوەكەی تا كاتی كۆچی دوای لەسەر بووە.

بەڵام لەم ماوەدا ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە رۆژنامەنووسێك پرسیار لە جەواهیری شاعیر دەكات و دەڵێت: چیرۆكی ئەو كڵاوە چییە ماوەیەك لەسەری خۆی داناوە و لەسەری نوسراوە "قلبی لكردستان " .

ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: پۆشینی ئەو كڵاوە  بە ڕێككەوت بووە و  پاشان لە دیدارەكەدا  باسی ئەوە دەكات  كە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی سۆڤیەتی جاراندا   دكتۆرەكان پێیان گوتووە كە  مێشكی  ماندووە و  حەساسییەتیشی هەیە و نابێت نە گەرما و نە سەرما لێی بدات و  پاشان دەڵێت:  چوومە  حانووتی ئەو نەخۆشخانەكە كە لێی بووم و  كۆمەڵێك  كاری توحفەی تێدا بوو  منیش ئەم كڵاوەم كڕی كە هی ئازربایجانە و ئیتر لەو ڕۆژەوە لە سەرمایە و كاتی خەوتنیش دایناكەنم،   ئەگەر ئەو كڵاوەشم لەسەردا  نەبێت  خەوم لێ ناكەوێت.  "بەم قسەیەی  "جەواهیری"دا  لەوە دەچێت  كڵاوەكە  دەستچنی كوردانی ئەو دەمەی ئازربایجان بووبێت.

بەڵام ئەوەی سەیرە لە كتێبی دیداری تەمەنی مام جەلالدا سەڵاح رەشید لە یەكێك لە پەراوێزەكاندا و لە لاپەڕە "61"ی بەرگی یەكەمی دیدارەكەدا  سەبارەت بە  "جەواهیری" نووسیوێتی " هەمیشە كڵاوێكی لەسەردا بوو كە لێی نووسرابوو كوردستان، مام جەلال پێشكەشی كردووە.

ئەمە پێشتر مام جەلالیش خۆی لای چەندان كەس گوتبووی كە ئەو پێشكەشی كردووە و جەواهیری كوردی زۆر خۆشویستووە، مام جەلال وەك هاورێی بەردەوام ستایشی جەواهیری كردووە.

مەحەمەد مەهدی جەواهیری لە ساڵی ١٩٠٣ لە نەجەف لەدایكبووە ، جەواهیری لە ساڵی ١٩٦٢ هۆنراوەیەك بەناوی ” كردستان یا موگن اڵابگال”  دەنووسێت و هۆنراوەكە نزیكەی ١٠٠ بەیت دەبێت.

كاتێك ساڵی 1997 محەمەد مەهدی جواهیری كۆچی دوایی كرد،لە سلێمانی چلەی بۆ ساز كرا. مام جەلال زۆر بایەخی بە مەرگی ئەو شاعیرە عێراقییەدا. خۆی گوتاری پێشكەشكرد. باسی دۆستایەتی محەمەد مەهدی جەواهیری و كێشەی گەلی كوردی كرد. ئەو قەسیدەیەشی بەنموونەی دەقێكی ئەدەبی باڵا وەسف كرد كە تیایدا دەڵێت:
شعب دعائمه الجماجم والدم
تتحگم الدنیا ولا یتحگم.

جەواهیریی شاعیر زۆر شیعری بۆ سەركردەكانی عێراق و ناوچەكەش نووسیوە،  شیعری بۆ مەلیك فەیسەڵ و عبدولئیلاه و ئەحمەد حەسەن ئەلبەكر و محەمەدی كوڕیشی نووسیووە. شیعری بۆ حافز ئەسەد و كوڕی حافز ئەسەد نووسیووە. شیعری بۆ عەوێس نووسیووە.

https://www.facebook.com/100001877383502/videos/pcb.28348876911424843/618632537273489


وشە - سۆران عەزیز