توركیا مەرجەكانی وەرگرتنی ڤیزا بۆ خەڵكی سلێمانی قورستر دەكات

:: AM:11:47:10/01/2025 ‌
توركیا مەرجەكانی وەرگرتنی ڤیزا بۆ خەڵكی سلێمانی قورستر دەكات، ئەمەش دوای درێژكردنەوەی سزاكانی سەرفرۆكەخانەی سلێمانی دێت.

عەتا ئەنوەر سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكانی سلێمانی بە میدیای یەكێتی  راگەیاند، "وەرگرتنی ڤیزای توركیا بۆ گەنجەكان قورسترە و ئەگەر چەند مەرجێكیان تێدانەبێت، ناتوانن ڤیزا وەربگرن، كە لەگەڵ مەرجەكانی ڤیزای شنگن جیاوازییان نییە، چونكە داوای تاپۆی خانوویان لێدەكرێت، لەگەڵ پشتگیریی شوێنی ئیشەكەی و داهاتەكەی و ئامانجی سەردانەكەی بۆ توركیا.

سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكانی سلێمانی گوتیشی، "هاونیشتمانییانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەزۆری داواكردنی ڤیزایان رەتدەكرێتەوە، بۆیە بەناچاری پەنا بۆ شارەكانی تر دەبەن بۆ وەرگرتنی ڤیزا كە لە هەندێك شوێن نرخەكەی گەیشتووەتە نزیكەی سێ هەزار دۆلار.
رۆژی 3ـی نیسانی 2023، دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت، لەو كاتەوە تا ئێستە چەند جارێك سزاكانی بۆ سەر فڕۆكەخانەكە درێژ كردووەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز